وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، بەپێی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق هەر كەسێك لە سەری ساڵی نوێوە دۆلار لە بانك دابنێت ناتوانێت بە دۆلار وەربگرێتەوە و دەشڵێت، “ئەو رێنماییە لە داهاتوودا كاریگەری لەسەر دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دەبێت”.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بەپێی رێنماییەكان هەر كەسێك ئێستا دۆلار لە بانك دابنێت دەتوانێت لەساڵی 2024 بە دۆلار وەربگرێتەوە، بەڵام ئەگەر لە دوای ساڵی نوێوە دۆلار لە بانك دابنرێت ناتوانرێت بە دۆلار وەربگرێتەوە و ئەگەر دینار لە بانك دابنرێت دیناری پێدەدرێتەوە.
راشیگەیاند، ئەو هەنگاوە رەنگە لەسەرەتاوە جۆرێك ناسەقامگیری دروستبكات، بەڵام بۆ دواتر كە مامەڵە بانكییەكان و هەژماری بانكی بە دینار بێت كاریگەری لەسەر جێگیربوونی دۆلار بەرامبەر بە دینار دەبێت.