وەزارەتی خوێندنی باڵا هەمواری رێنماییەک دەکاتەوە کە تایبەتە بە پێشکەشکارانی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی کوردستان.
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیەنێت، “ڕێنمایی ژمارە 11ی ساڵی 2023، کە تایبەتە بە هەمواری پێنجەمی ڕێنمایی دیپلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە”.
بەپێی ئەو رێنماییەی کە هەموارکراوەتەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم ئاماژە بەوە دەکات، “پێشکەشکارانی رەسەنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەگەر هاتوو بە بەڵگەنامەیەک سەلماندیان کە هاووڵاتی ئەو ناوچانەن، هاوکات نمرەی 10 بەرەو سەرەوەیان هێنابێت لە کۆی ئەو 30 نمرەیەی بۆ تاقیکردنەوە توانستی زانستی دانراوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن”.
سەبارەت بە لایەنی دارایی خوێندنی باڵای هەرێم دەڵێت، “کرێی خوێندنی ساڵانەی فێرخوازانی ناوبراو، بەشێوازی خۆڕایی لەسەر ئەستۆی زانکۆکان دەبێت”.