بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەڵێن دەدەین پارێزەر و بەردەوامیپێدەری ئەو سیاسەتە دەبین کە مام پەیڕەوی دەکرد

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵرۆژی کۆچیدوایی مام جەلال رایگەیاند، بەناوی هەڤاڵانی نوێی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و هەموو تێکۆشەرانی یەکێتییەوە بەڵێن دەدەین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارێزەر و بەردەوامیپێدەری ئەو سیاسەتە دەبێت کە مام پەیڕەوی دەکرد، دەستی ئاشتی و پێکەوەیی بۆ هەموولایەک درێژ دەکەین و جیاوازییەکان دەخەینە خزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ بە خەمێکی قووڵ و شانازییەکی زۆرەوە یادی شکۆی نەتەوە و نیشتمان دەکەینەوە، یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە ژیانی خۆی پێشکەشی نیشتمان کرد و رۆژەکانی تەمەنی لەپێناو ئاشتی، ئازادی، دیموکراسی و مافی مرۆڤدا بەسەربرد.

باسیلەوەشکرد، دڵتەنگین کە كوردستان سەرکردەیەکی خەمخۆر، بەرگریکار، دڵسۆز و بەوەفا و عیراق بونیادنەر و چەترێکی کۆکەرەوەی لەدەستدا، شانازیش دەکەین کە رێبازێکی بۆ بەجێهیشتن کە بۆ هەمیشە چرای رێگە و رێنیشاندەرمان دەبێت لەپێناو بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلی کورد و بونیادنانی وڵاتێکدا کە تاکەکانی سەربەرزانە و ئازادانە بژین.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، ئێمە یادی سەرۆک مام جەلال دەکەینەوە، یادی ئەو سەرۆکەی خەمی کوردستانی لە شان گرتبوو و لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی میللەتێکی ستەمدیدەدا خەباتی بێوچانی کرد، خەباتێک کە تاوەکو کۆچیشی کرد بەردەوام و بێبڕانەوە بوو. یادی سەرۆکێک دەکەینەوە کە بونیادنەری عیراقی نوێ و چەتری کۆکەرەوەی ئەو دەنگ و رەنگە جیاوازانە بوو کە تەنیا لە سایەی ئەودا کۆدەبوونەوە.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەمڕۆ سوێند و بەڵێنی هەمیشەییمان بۆ سەرۆک مام جەلال دووپات دەکەینەوە کە وەکچۆن لە رابردوودا درێژەمان بە رێبازەکەی داوە، لەداهاتووشدا بە سوودوەرگرتن لە سیاسەتی حەکیمانە و شوێنپێی ئەودا هەنگاوبنێین و لەپێناو سەرفرازیی کورد، فراوانکردنی سنوورەکانی ئازادی و دیموکراسی، کۆکردنەوەی جیاوازییەکان و یەکخستنی هەوڵەکاندا درێژە بە خەباتی خۆمان بدەین و مێژوویەک بنووسینەوە کە رۆحی سەرۆک مام جەلال شاد بکەین و ئەو شانازییە بە خۆمان رەوا ببینین کە هەڵگری ئەو سیاسەتە تەندروست و حەکیمانەیە بین.

لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە، بەناوی هەڤاڵانی نوێی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و هەموو تێکۆشەرانی یەکێتییەوە بەڵێن دەدەین، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پارێزەر و بەردەوامیپێدەری ئەو سیاسەتە دەبێت کە مام پەیڕەوی دەکرد، دەستی ئاشتی و پێکەوەیی بۆ هەموولایەک درێژ دەکەین و جیاوازییەکان دەخەینە خزمەت بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانەوە، بەبێ بیرکردنەوەی حزبی و دوور لە هەموو بەرژەوەندییەکی تایبەت، لەپێناو بەدیهێنانی داهاتوویەکی ئارام و سەقامگیردا تێدەکۆشین و هەوڵەکانمان لەپێناو یەکڕیزیی و یەکگرتوویی گەلی کورددا دەبێت. بۆ بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی هاوکار دەبین و بۆ بەرگری لە کوردستان فیداکار دەبین.

بابەتی پێشتر

ئەندازەی هاتووچۆی سلێمانی بەردەوامە لە هێڵکاریکردنی شەقامەکان

بابەتی دواتر

نێچیرڤان بارزانی: جه‌خت له‌ یەکڕیزی دەکەینەوە کە ویستی زیندووی سەرۆک مام جەلال بوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share