لەماوەی ساڵی ڕابردوودا لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان 23 تێکهەڵچونی چەکداری ڕویانداوە، لەو تێکهەڵچونانەشدا نزیکەی 50 کەس گیانیان لە دەستداوە.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانی گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و سوپای پاسدارانی بڵاوکردەوە و بەپێی ئەو ئامارە 10 حاڵەت کەمتربووە لە ساڵی ڕابردوو.
لەو تێکهەڵچونانەدا 17 ئەندامی سوپای پاسداران و هێزی بەسیج کوژراون و 11 ئەندامی حزبە کوردییەکانیش کوژراون و گەریلایەکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان “پژاک”یش لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەستگیرکراوە.
بەپێی ئەو ئامارەی کە ڕێکخراوەکە بڵاویکردووەتەوە لە کۆی 23 پێکدادان 10 پێکدادان لەلایەن پژاکەوە لە ئەستۆگیراوە و شەش حاڵەتیش لەلایەن حزبی دێموکراتی کوردستان (حدکا) و هەڵۆکانی زاگرۆسەوە لە ئەستۆگیراون، بەشێک لەو حاڵەتانەش لەلایەن هیچ هێزێکەوە لە ئەستۆ نەگیراون.
لە ئاماری کۆتایی گرژییەکانی سنوری هەرێم و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هاتووە کە 16 جار لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە شاخەکانی هەرێم بۆردوومانکراوە.
ئامارەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، کە لە ساڵی ڕابردوودا 15 گەریلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە هەر چوار پارچەکەی کوردستان گیانیان لە دەستداوە.