ێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارێكدا كە لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتیی پێشكەشیكرد رایگەیاند، “خۆشحاڵم لەگەڵ ئێوەدا بەشداری رێورەسمی كردنەوەی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی دەكەم و پیرۆزباییتان لێدەكەم و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم هیوادارام ئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە”.
نێچیرڤان بارزانی لە وتارەكەیدا باسیلەوەشكرد، “یەكێتیی یادگاری مام جەلالە و دەبێت لەسەر هەمان ئاڕاستەی ئەو بۆ لێكتێگەیشتن و چارەسەری كێشەكان بەردەوام بێت”.
هەر لە وتارەكەیدا وتی، “لە سەردەمی ئازادیدا لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرێنەری ئەزموونی هەرێم و دەستكەوتەكانین، ئەوان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكە مێژووی نوێیان بۆ كوردستان نووسیوە، ئێستاش لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەكانی دیكە ئەركی پاراستنی یەكڕیزی و كاری هاوبەشیان لەسەرە بۆ ئەوەی دەستكەوتەكانی هەرێم بپارێزن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “سەركەوتنی راپەڕین و جێگیركردنی مافەكانی كوردستان لە دەستووری عێراقدا بەرهەمی ئەو هاوكاری و برایەتییە بووە كە لەنێوان یەكێتیی و پارتی و لایەنەكانی دیكەدابوون، ئێستاش تاكە رێگە لەبەردەمماندا درێژەدانە بە یەكگرتوویی و كاری پێكەوەیی لە ئێرە و لە بەغداد، پێچەوانەكەشی زیان و لاوازیی هەرێمی كوردستانە، ئاڵنگارییەكانی هەرێم ئەوە دەخوازێت ناكۆكییەكان وەلا بنێین و بەیەك دەنگ لە بەغداد بین، ئاساییە ركابەری سیاسییمان هەبێت، بەڵام پێویستە بەرژەوەنیەكی هاوبەش بۆ ئامانجێكی هاوبەش كۆمانبكاتەوە”.