جێگر و ئەندامێكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پەیامێكی ڤیدیۆیی بڵاودەكەنەوە و داوا لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەكەن بە یەك مووچە بایكۆت نەشكێنن و بەردەوامبن، ئەندامێكی رێكخراوەكەش دەڵێت، “راگەیاندنی لیستی مووچە هەمووانی تووشی شۆك كرد”.
عەتا ئەحمەد و بەرهەم مستەفا لە رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان پەیامێكی ڤیدۆییان بڵاوكردەوە و داوایان كرد بایكۆتی مامۆستایان بەردەوامبێت و بە یەك مووچە كۆتایی بە بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن نەهێنن و بەردەوامن لە داكۆكیكردن لە مافە رەواكانیان.
هاوكات بەرهەم مستەفا ئەندامی سكرتارییەتی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایگەیاند، راگەیاندنی لیستی مووچەی مانگی 7 هەمووانی تووشی شۆك كرد و دەركەوت حكومەتی هەرێم شەڕی دەروونی لەگەڵ مووچەخۆران دەكات.
وتیشی، “داوامان لە مامۆستایان ئەوەیە كە رۆژی شەممە بچنە ناوەندەكانی خوێندن و مووچەكانیان وەربگرن تا ئەو كاتەی تەواوی مافەكانی مووچەخۆران زامندەكرێت بایكۆت بەردەوامبێت و ئەگەر یەكگرتوو نەبین ناتوانین مافەكانمان فەراهەمبكەین”.