بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد چاویکەوت بە رەییان کلدانی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی بابلیون.
لە دیدارەکەدا ئیدانەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت کرا و جەخت لەهەماهەنگی و کاری هاوبەشی نێوان لایەنە سیاسییەكان كرایەوە لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ئەمنییەكان و رێگریكردن لەو پێشێلكارییانەی سەقامگیریی وڵات دەخاتە مەترسییەوە. هەروەها چارەسەری دەستووری و سیاسییانەی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پاراستنی مافەكانی مووچەخۆران دووپاتكرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستیی دروستکردنی کۆدەنگیی نیشتمانیی لەسەر پرسە ئەمنی، ئابوورییەکان و ئەو بابەتانەی رەهەندی نیشتمانییان هەیە دووپاتکردەوە و لەبارەی پرسی هەڵەبجەشەوە داوایكرد، هیچ هۆكارێك نییە بۆ رێگریكردن لە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، بەڵكو بەپرسیارێتیی هەموولایەكە خزمەتی شارێك بكەن كە رووبەڕووی چەكی كیمیایی بووەتەوە و زۆرترین قوربانیی داوە.