ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روونكردنەوە لەبارەی ناردنی 700 ملیار دینارەكە بۆ مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، “بانكەكان لارییان نییە لە پێدانی قەرزەكە و دەبێت بڕیاری حكومەتی عێراق جێبەجێبكەن، بەڵام رایانگەیاندووە ناردنی ئەو پارەیە پێویستی بە گرتنەبەری چەند رێكارێكی كارگێریی هەیە”.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لەگەڵ نوێنەرانی بانكەكانی رەشید و رافیدەین و تی بی ئای تایبەت بەو قەرزەی دەدرێتە هەرێمی كوردستان كۆبووینەوە.
راشیگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا ئەو بانكانە رایانگەیاندووە ئامادەن قەرزەكە بە هەرێمی كوردستان بدەن، بەڵام ئەوەش پێویستی بە چەند رێكارێك هەیە كە رەزامەندیی بانكی ناوەندیی و واژووكردنی گرێبەستەكە لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان پێویستە و تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە كە پێدانی ئەو قەرزە سوودی دەخرێتەسەر یاخود نا چونكە پێشتر كە قەرز بە حكومەتی عێراق دراوە سوود لەسەر قەرزەكە دانراوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، نوێنەری ئەو بانكانە لە كۆبوونەوەكەدا رایانگەیاندووە نەختینەی پێویستیان لەبەردەستدایە و ئەو گرفتەیان نییە و رێكارەكان بەكۆتا بهێندرێن 700 ملیار دینارەكە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەدەكرێت.