سعودیە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمپانیای تێسلا-ی ئەمریكی تایبەت بە دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەكات بۆ بونیادنانی كارگەیەكی لە وڵاتەكەی، لەهەمان كاتدا سەرۆكی توركیا داوای لە خاوەنی كۆمپانیاكە كردووە كارگەیەك لە توركیا بونیادبنێت.
بەمەش هەریەك لە سعودیە و توركیا كێبڕكێیانە بۆ راكێشانی تێسلا بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هەوڵی سعودیە بۆ راكێشانی كۆمپانیاكە پرسیار لەبارەی توانای ئەنجامدانی ئەو كارە دەوروژێنێت، لەكاتێكدا دەستبەركردنی شوێن و سەرچاوەی دارایی بۆ وڵاتە عەرەبییەكە ئاسانە، پرسی فەراهەمكردنی هێزی كار ناڕوونە. لە ژێر رۆشنایی گرتنەبەری سیاسەتی بە سعودیکردنی هەلی کار لەلایەن شانشینی سعودیەوە کە رێگری لە هێنانی کرێکاری بیانی دەکات، لەكاتێكدا پشتبەستن بە هێزێکی کاری سعودی رووبەڕووی ئاستەنگی مووچەی بەرز و راهێنانی پیشەیی پێشوەختە دەبێتەوە لە پیشەسازییەکی پێشکەوتووی وەک پیشەسازی ئۆتۆمبێل بەتایبەتیش ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
لەئێستادا تێسلا شەش كارگە و ناوەندێكی كۆكردنەوەیە لە مەكسیك لەپێناو فراوانكردنی بوونی جیهانیی خۆیدا. ئامانجی كۆمپانیاكە بەرزكردنەوەی فرۆشە بۆ 20 ملیۆن ئۆتۆمبێلی ساڵانە تا ساڵی 2030 لە نزیكەی 1.3 ملیۆن ئۆتۆمبێلەوە لە ساڵی 2022.
لەو چێوەیەشدا سەرۆكایەتیی توركیا دوێنێ بڵاویكردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆك داوای لە ئیلۆن مەسك كردووە كارگەیەكی كۆمپانیاكەی لە توركیا بكاتەوە.
لە ئابی رابردوو تێسلا ویستی خۆی بۆ بونیادنانی كارگەیەك لە چین بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەبایی كەم تێچوو خستەڕوو.
لە ئایاری رابردووش مەسك رایگەیاند، كۆمپانیاكەی تا كۆتایی ئەمساڵ شوێنێك بۆ بونیادنانی كارگەیەكی نوێ دەستنیشاندەكات.
پشكی تێسلا لەمساڵدا و تائێستا بە رێژەی 123% بەرزبووەتەوە، كۆمپانیاكە رۆژی شەممە رایگەیاند، پێنج ملیۆن ئۆتۆمبێلی بەرهەمهێناوە.