لەمساڵدا 15 هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی لە عێراق تۆمارکراوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەمە 27ی کانونی یەکەم ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2020دا لە سەرتاسەری عێراقدا 15هەزار حاڵەتی توندوتیژیی خێزانی تۆمارکراوە، هەروەها چوار هەزار فەرمانی دەستگیرکردنیش بەهۆی توندوتیژییەوە دەرکراوە.

عەلی محەمەد سالم، بەڕێوبەری چاودێریی خێزان و منداڵ لە توندوتیژیی خێزانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، “بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خێزان و منداڵ لە ساڵی 2009دا دامەزرا و بەپێی دەستور چاودێری مافەکانی ژن و منداڵ دەکات لە چوارچێوەی خێزاندا”.

ئەو بەرپرسەی چاودێریی خێزان دەڵێت، “سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا دەتوانن سکاڵا و پەیوەندییەکانی ئەو کەسانە وەربگرن کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراویشدا کەسەکە ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکەن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە حاڵەتەکانی توندوتیژی کە لە ئەمساڵدا تۆمارکراون لە بەغداد و سەرجەم شارەکانی دیکە 15 هەزار حاڵەتی توندوتیژییە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2019دا ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی 17 هەزار حاڵەت بووە.

لەبارەی هۆکارەکانی توندوتیژیی خێزانییەوە ئەو بەرپرسەی توندوتیژیی خێزانی ئاشکرایکرد کە یەکێک لە هۆکارەکان گومان و ناکۆکی ناو خێزانەکان، هۆکاری ئابوری، خواردنەوە کحولییەکان و مادەی هۆشبەر، توندوتیژیی جەستەیی، دەروونی و سێکسی، هەروەها بازرگانی کردن بە ژنان، لەلایەکی دیکەوە خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی تەکنەلۆژیا، لە هۆکارە سەرکییەکانی خۆکوشتن، هەڵهاتن لە خێزان و بێزارییە لە ناو ژناندا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەڕای ئەوەش خیانەتی هاوسەری یەکێکی دیکەیە لە حاڵەتەکان کە لە ئەمساڵدا 227 حاڵەت بووە.

بەڕێوەبەری چاودێریی خێزانی دەشڵێت، لە ساڵی 2020دا چوار هەزار فەرمانی دەستگیرکردن بەهۆی توندوتیژییەوە تۆمارکراوە، هەروەها حاڵەتەکانیه دەستدرێژی کردنی پیاو بۆ سەر هاوسەرەکانیان نۆ هەزار حاڵەت تۆمارکراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەنجامدەرانی دەرچووە، بەڵام هەندێک لە حاڵەتەکان بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا کۆتاییهاتووە.

بابەتی پێشتر

ستراتیجی ڕیاڵ مەدرید.. لە گواستنەوەکانی زستانەدا تەنها داوای سێ یاریزان دەکەن

بابەتی دواتر

بەرشلۆنە پاشگەزبووەتەوە تەنها لە یەک حاڵەتدا دیپای دەکڕێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share