لەسەر سزادانی مامۆستایان بەهۆی بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن، بەرپرسێكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ مامۆستایەك لەسەر بایكۆتكردنی هۆڵەكانی خوێندن سزانادرێت و دەشڵێت، “مامۆستایان و لقەكانی یەكێتیی مامۆستایان داوای مووچەی مانگەكانی 7 و 8 دەكەن”.
عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی رێكخراوی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لەسەر ئاستی سەرجەم پەروەردەكانی كۆیە، گەرمیان، راپەڕین و سلێمانی تەئكیدیانكردووەتەوە هیچ مامۆستایەك لەسەر بایكۆت سزانادەن و ئەوان داوای مافی خۆیان دەكەن كە وەرگرتنی مووچەكانیانە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، چاوەڕوانی سەردانی شاندی هەرێم دەكەین كە كێشەی مووچە چارەسەربكەن و مامۆستایان كە بایكۆتیان كردووە ئاسوودە نین و ناچارن بۆیە ئەگەر مووچە بدرێت كاریگەری لەسەر دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن دەبێت.
بەرپرسەكەی یەكێتیی مامۆستایان راشیگەیاند، ” لە زۆرینەی بەیاننامەكانی لقەكانی یەكێتیی مامۆستایاندا جەختیان لەوەكردووەتەوە پێویستە مووچەی مانگەكانی 7 و 8 دابەشبكرێت و داواشدەكرێت 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت”.