ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێككەوتنی كۆتایی لەسەر داهاتە نانەوتییەكانی هەرێم نەكرێت بۆ ئەم مانگە بەغداد هاوشێوەی چەند مانگی رابردوو تەنها پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت و پشكی هەرێم بەپێی یاسای بودجە نانێرێت.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بۆ ئەم مانگە ئەگەر هەرێم و بەغداد نەگەنە رێككەوتن لەسەر بابەتی داهاتە نانەوتییەكان ئەوا حكومەتی عێراق تەنها پارەی تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت بەشە بودجەی هەرێم نانێرێت.
وتیشی، “لە ماوەی رابردوودا كە سەرۆك وەزیرانی عێراقمان بینی رایگەیاند، دەبێت هەرێم و بەغداد لە ماوەی یەك مانگدا بگەنە رێككەوتن لەسەر بابەتی نەوت و داهاتە نانەوتییەكان”.
راشیگەیاند، ناردنی بەشە بودجەی هەرێم بەپێی یاساكە مەرجداركراوە و بۆیە پێویستە رێككەوتن بكرێت و ناكرێت ئەو كێشانە لە نێوان هەرێم و بەغداد بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە كە دواجار رەنگدانەوەی لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان دەبێت.