ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی 8ی 2023 بە سەرپەرشتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەكتەبی سیاسی لە شاری كەركوك كۆبووەوە.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆكی یەكێتی دەربارەی كۆی كێشە سیاسییەكان بەرچاوڕوونیدا و رایگەیاند، “یەكێتی لەسەر هێڵە نیشتمانی و كوردستانییەكان بۆ داكۆكیكردن لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەردەوامە، هەروەها جیاكردنەوەی دۆسیەی ململانێی سیاسیی لایەنەكان و نێوان هەرێم و بەغداد لەپێشینەی كارەكانمانە و ژیان و گوزەرانی خەڵكەكەمان لای یەكێتی هێڵی سوورە و بە هەمووشێوەیەك داكۆكی لێدەكەین”.
سەرۆك بافڵ بە خۆشحاڵییەوە هەڵوەستەی لەسەر پەیوەندییە گەشەسەندووەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی كوردستان، عێراق و نێودەوڵەتی كرد و ئەوەشی بۆ یەكهەڵوێستی و یەكبڕیاریی سەركردایەتیی یەكێتی گەڕاندەوە و هەروەها دەستخۆشی لە هەڤاڵان كرد و جەختی لە پاراستنی ئەو پرەنسیپە گرنگە كردەوە و رایگەیاند، “ستراتیژی نەگۆڕمان لە خزمەتی گەلەكەماندایە و كەركوكیش كە بەشێكە لە جەستەی یەكێتی، وەك قودسی كوردستان دەمێنێتەوە و پارێزگاری لە گیانی پێكەوەژیان دەكەین”.
كۆبوونەوەكە كە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی لە كەركوك ئەنجامدرا، تەوەرە سیاسییەكان، كاری رێكخراوەیی و ئۆرگانەكان و ئەنجامدانی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی گفتوگۆی چڕ و بەرپرسانەی لەبارەوەكرا و وەك ئیستحقاقی حزبی، دیموكراسی، لەپێناو جۆشدانەوەی گیانی یەكێتیبوون، بڕیاردرا 27ی 9ی 2023 كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی ببەسترێت.
هەر لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی گشتیی وڵات گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و بڕیاری پێویست و نیشتمانییانەیان لێدرا.