شارەزایەكی بواری یاسا رایدەگەیەنێت، بڕیاری زیادكردنی كرێی كارەبا نایاساییە و لە دەسەڵاتی حكومەتی ئێستای هەرێمدا نییە.
عەبدولقادر ساڵح، راوێژكاری یاسایی لە نووسینێكدا رایگەیاند، سەرەراى ئەوەى بریارەکەى وەزارەتى کارەبا بە زیادکردنى کرێى کارەباى کۆمەڵگاکانى نیشتەجێبوون بۆ 156 دینار بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بارودۆخى ئابوریى خەڵکى هەرێمى کوردستاندا نایەتەوە و ئەم وەزارەتە نەیتوانیوە کێشەى کارەبا چارەسەر بکات، ئەم زیادکردنەکەش هیچ لە دۆخەکە ناگۆریت جگە لە دروستکردنى بارگرانیى سەرشانى هاوڵاتیان لە کاتێکدا حکومەت خۆى مووچە و خزمەتگوزارییەکانى پێدابینناکرێت.
ئەوەش دەڵێت، “لە هەمان کاتدا دەرکردنى بڕیارێکى لەم چەشنە لە دەرەوەى دەسەڵاتى حکومەتى کاربەرێکەر (حکومەت تصریف الاعمال)ە”.
ئەو راوێژكارە یاساییە روونیشیدەكاتەوە، بە گوێرەى لێکدانەوەى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لە بڕیارى ژمارە (121/ اتحادیة/ 2022) حکومەتى کاربەرێکەر لەم قۆناغەدا ئەرکى سەرەکى بریتییە لە بەڕێوەبردنى دامەزراوە حکومییەکان بە رێکوپێکى و بەردەوامیدان بە خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنى خۆراک و دەرمان و کارەبا و پێداویستییەکانى و دابینکردنى ئۆقرەیى و ئاسایش بۆ هاوڵاتیان.