ئەندامێكی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ هاوردەكردنی بەنزین لەلایەن بەنزینخانەكانەوە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین نابێت و هۆكارەكەی ئاشكرادەكات.
كەریم عەلی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بۆ سەرپشككردنی بەنزینخانەكان كە خۆیان بەنزین هاوردەبكەن كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین نابێت بەو پێیەی بەشێك لە بەنزینخانەكان پێشتر خۆیان بەنزینیان لە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاوردەكردووە و جگەلەوەش ئاستەنگیان لە هاوردەكردندا بۆ دروستدەبێت.
راشیگەیاند، باشترین هەنگاو بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین پابەندبوونە بە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد و جێبەجێكردنی یاسای بودجە كە هاوشێوەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەنزین بۆ هەرێمی كوردستانیش دابینبكرێت.
وتیشی، “دەتوانرێت سووتەمەنی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەكان دابینبكرێت بەنزین بەرهەمبهێندرێت و پێویستیی ناوخۆ پڕبكاتەوە بەو هەنگاوانە كاریگەری لەسەر دابەزینی نرخی بەنزین دەبێت”.