سەرۆك وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێك نییە بۆ دەستبەرداربوون لە خاكی عێراق.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، باسكردن دەربارەی دەستبەرداربوون لە خاكی عێراق ئامانج لێی شێواندنی رای گشتی و ساختەكردن و تێكدانی راستییەكانە.
سودانی لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا وتیشی، “پاش ساڵی 2003 هیچ بڕیارێك نەدراوە سەبارەت بە دەستبەرداربوون لە خاكی عێراق، نە لەلایەن ئەم حكومەتە و نە لەلایەن حكومەتەكانی پێشوو”.
لەماوەی رابردوودا لەنێو خەڵك و چالاكوانانەوە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەوە كە حكومەتی عێراق شارۆچكەی ئوم قەسر-ی سەر بە پارێزگای بەسڕەی بە كوەیت فرۆشتووە.
دواتریش حكومەتی بەغداد روونكردنەوەی دا و ئەو دەنگۆیانەی رەتكردەوە و ئاشكرایكرد، سنووری نێوان هەردوو وڵات وەك ئەوەی لە ساڵی 1994دا دیاریكراوە، وەك خۆی ماوەتەوە و هیچ گۆڕانكارییەكی تیانەكراوە.