نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی كوردانی ئێزدی تێدەپەڕێت

9 ساڵ بەسەر هێرشی داعش بۆسەر ئێزدییەكان لە قەزای شەنگال و دەوروبەری تێپەڕدەبێت، لەو رۆژەوە هاوڵاتییانی ئێزدی خرانە بەردەم چارەنووسی كوشتن، رفاندن یان هەڵهاتندا.

بەرەبەیانی زووی 3ی ئابی 2014 چەكدارانی داعش دوای كشانەوەی هێزەكانی سەر بە پارتی دیموكراتی كوردستان لە سنوورەكەدا هێرشیان بۆسەر شەنگال و گوند و ناوچەكانی دەوروبەری دەستپێكرد، لەماوەیەكی كەمدا بەشێكی بەرچاوی سنوورەكە بە دانیشتووانەكانیانەوە كەوتە دەست چەكدارانی گروپەكە.

لە ڕۆژانی دواتردا پڕۆسەیەكی بەرفراوان و بەرنامەبۆداڕێژراو دژ بە گەلی ئێزدی دەستیپێكرد، بەهۆیەوە زیاتر لە 10 هەزار ئێزدی شەهید و بێسەروشوێن بوون، 360 هەزار كەس ئاوارەبوون، چەندان گوند و پەرستگای ئێزدییەكان وێرانكران، پیاوان بەكۆمەڵ كوژران و ژێرخاك نران، كچ و ژنانی گەنج-یش وەك سەبایا و كەنیزەك رەوانەی موسڵ و رەققە و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی بەناو خەلافەت كران. لەگەڵ ئەوەش منداڵەکان خرانە ژێر پەروەردەی تایبەتی رێکخراوەکەوە.

ئەو هاوڵاتییانەی توانییان هەڵبێن، بەشێكی زۆریان پەنایان بردەبەر چیای شەنگال و بۆ ماوەی چەندین رۆژ بێ نان و ئاو مانەوە، بەهۆیەوە ژمارەیەكیان لە برسێتی و تینوێتیدا گیانیان لەدەستدا.

ئێزدییەكان خاوەنی ئاینی تایبەت بە خۆیانن و زۆربەیان لە شەنگال و دەڤەری شێخان دەژین، ھەروەھا لە بۆتان و دەربێسیە و باکووری پارێزگای حەسەکە و عەفرین لە حەلەب و ئەلەگەزی ئەرمەنستان و پارێزگای قەرس و ئەردێخانی باکووری رۆژھەڵاتی تورکیادا دەژین، جیاوازیی ئاینەكەیان بیانوویەكی گەورەبوو بۆ هێرشە دڕندانەكەی داعش بۆسەریان و هەوڵدان بۆ پاكتاوكردنیان.

ئەگەرچی لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 شەنگال و ناوچەكانی دەوروبەری لە داعش پاككرانەوە، بەڵام تائێستا بەشێكی بەرچاوی دانیشتووانەكەی نەگەڕاونەتەوە، نەتوانراوە خزمەتگوزاری تەواوەتی بۆ ناوچەكە بگەڕێنرێتەوە و بەهۆیەوە تائێستا بەشی زۆرینەی دانیشتوانەكەی لە كەمپەكانی پارێزگای دهۆك بە ئاوارەیی ماونەتەوە.

نوێترین ئامار
بەپێی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگاركردنی كوردانی ئێزدی ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بوون، 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.

لەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون (1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕ).

هەر بەپێی ئامارەكە بەهۆی تاوانەكانی داعشەوە نزیكەی پێنج هەزار ئێزدی شەهیدبوون، تا ئێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵ و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە. هەروەها 68 مەزارگە لەناوبراون.

نووسینگەكە روونیكردووەتەوە، ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش 550 هەزار کەس بووە، ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزاریشیان کۆچیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کردووە.

ناساندن بە جینۆساید
لە ئابی 2019، پەرلەمانی کوردستان لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا رۆژی 3ی ئابی وەک رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی دیاریکرد.

هەروەك پەرلەمان و حكومەتی چەندین وڵاتی جیهان تاوانەكەیان بە جینۆساید ناساندووە وەك پەرلەمانی ئەڵمانیا، پەرلەمانی بەلجیكا و لەم هەفتەیەشدا حكومەتی بەریتانیا هەمان بڕیاری لەبارەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەكە راگەیاند.

لەگەڵ هەموو ئەوانەدا دوای 9 ساڵ تا ئێستاش بەشێک لە کچ و ژنانی ئێزدی بێسەروشوێنن سەرەڕای ئەوەی بەشێکی زۆر لە رفێندراوان لە دەست چەکداران رزگارکراون.

بابەتی پێشتر

عێراق و هەرێمی کوردستان دەرمانێکی هیندیی ژەهراوییان لە دەرمانخانەکاندا کشاندەوە

بابەتی دواتر

قوباد تاڵەبانی: یادی تاڵی قوربانییانی تاوانی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان بەرز رادەگرین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share