ئەمڕۆ كۆبوونەوەی حزبە سیاسییەكان و سەرۆكی هەرێم بەڕێوەدەچێت

بڕیارە ئەمڕۆ، لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لایەنە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەن و تیایدا دۆخی هەرێم و ناوچەكە تاووتوێ بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی نیسان، لە دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم بكات و كۆببنەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشتنامە لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە ئاڕاستەی لایەنە سیاسییەكان كرابوو، زۆرینەی لایەنەكانیش ویستی خۆیان بۆ بەشداری لە كۆبوونەوەكە خستوەتەڕوو.

لە 20ی ئازاری ڕابردوو لە پەیامێكدا كە بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە بڵاویكردبووەوە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، “با هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌خۆبورده‌ بین، بۆ ئاینده‌یه‌كى باشترى كوردستان پێكه‌وه‌ كاربكه‌‌ین و‌ دیموكراسى و ئازادىی بپارێزین”.

ئەوەشی وت، “هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دواى جه‌ژن هه‌موو لایه‌نه‌كان بانگهێشتى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى هاوبه‌ش له‌ سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م”.

پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە هەولێر ئاشكرایكرد، هەریەك لە پارتی، یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، سۆسیالیست و شیوعی ئەو حزبانەن تا ئێستا بڕیاری بەشدارییان لەو كۆبوونەوەیەدا داوە، جگە لە حزبەکان، نوێنەری پێکهاتەکانی تورکمان و کریستیانیش بەشداری لە كۆبوونەوەكە دەكەن.

ئەوەشی خستەڕوو، هەریەك لە بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی و عومەری سەید عەلی، ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و فازل میرانی، بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو، عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری، محەمەدی حاجی مەحمود و سەرۆكی سۆسیالیست و کاوە مەحمود، سكرتێری حزبی شیوعی، سەركردەی ئەو حزبانەن كە بەشدار دەبن لە كۆبوونەوەكە.

بڕیارە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕ، حزبەکان بگەنە دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم و كاتژمێر 12ی نیوەڕۆش کۆبوونەوەکە دەستپێبکات.

بابەتی پێشتر

بەریتانیا وردەكاری پڕۆسەیەكی ئەمنی 10 ڕۆژە لە كوردستان ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

فازڵ بەشارەتی: نارنجۆكێك بۆ ماڵەكەم هەڵدراوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
2
Share