بانكی بازرگانیی عێراقی بڕیاریدا پێدانی دۆلار بە بازرگان و كۆمپانیاكان بە نرخی فەرمی زیادبكات.
د. نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، مەبەستی بانكەكە ئەوەیە كە فرۆشی دۆلار زیادبكات بە تایبەت بۆ ئەو بازرگانانەی كە رۆژانە پێویستیان بە دۆلار هەیە بۆ هاوردەكردنی شمەك و كاڵای رۆژانەی هاوڵاتییان تا بتوانرێت ئەو مەرجانەی لەسەر كڕیاران بۆ دۆلار دانراوە سووكبكرێت و نەچنە بازاڕی رەشەوە بە نرخێكی گرانتر دۆلار بكڕن و ئەوەش وابكات نرخی دۆلار لە بازاڕی رەشدا گرانتربكات.
جێی ئاماژە بۆ كردنە، ئێوارەی ئەمڕۆ بانكی بازرگانیی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە لەسەر راسپاردەی بانكی ناوەندی و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریداوە پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ ئەو بازرگانانە زیادبكات كە مانگانە كاڵای بەكاربردنی هاوڵاتییان لە دەرەوەی عێراقەوە هاوردەدەكەن.