هۆشیار عەبدوڵا بۆ شاندی حكومەت: دەقی رێکەوتنەکە وەک خۆی بڵاوبکەنەوە

پەرلەمانتارێكی پێشوو دەڵێت، لە دەرەوەی یاسای بودجە هیچ رێکكەوتنێک فلسێک ناکات و داواش لە شاندی حكومەت دەكات رێككەوتنەكەیان وەك خۆی بڵاوبكەنەوە.

هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، شاندی پارتی کە بەناوی حکومەتی هەرێمەوە دەڵێن رێکكەوتنمان کردووە، تەنها باسی ئەوە دەکەن کە بڕیارە عێراق شایستە داراییەکان بنێرێت، بەڵام باسی ئەوە ناکەن کە ئەوان لە بەرامبەردا چی دەکەن، چەند نەوت دەنێرن؟!

دەشپرسێت، “ئایا وەک لە یاسای بودجەدا کردویانەتە ماڵ لەسەر خۆیان، دەتوانن 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەست بکەن؟! ئایندەی نزیک ئەوە دەبێتە قسە، ئایا هەرێم توانای بەرهەمهێنانی 400 هەزاری رۆژانەی هەیە؟!”.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو پێیوایە لە دەرەوەی یاسای بودجە “هیچ رێکكەوتنێک فلسێک ناکات” و روو لە شاندەكەش دەڵێت، “باشە ئەگەر هێندە دڵنیان لەو رێکكەوتنەی باسی دەکەن، با دەقی رێکەوتنەکە وەک خۆی بڵاوبکەنەوە، تا خەڵک هەمووی بزانێ چییە و کێ پابەند دەبێ و کێ پابەند نابێ؟!”.

لە كۆتاییشیدا ئەوەی خستەڕوو، دۆسیەی نەوت و پشکی هەرێم لە بودجەدا تەواوکاری یەکترین، “بێ چارەسەری ریشەیی، بەردەوام ئەو یاری هات و نەهاتە بەردەوام دەبێت و فێڵ و فەرتەنە و واسطە و کڕوزانەوە، تدخلی دەرەکی و خاترانە جارێک دو جار دەیخوا نەک تا سەر!”.

شەوی رابردوو شاندێكی حكومەتی هەرێم گەیشتە بەغداد و كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی حكومەتی بەغداد ئەنجامدا.

بەرەبەیانی ئەمڕۆش شاندی حكومه‌تی هه‌رێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، “كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژووكرا و بڕیاروایه‌ ده‌ستبه‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت”.

بابەتی پێشتر

ڕۆما بۆ یانە گەورەکان: دیبالا هێڵی سوورە

بابەتی دواتر

ئەنچیلۆتی دەرگای ڕیاڵ مەدریدی لە مباپێ داخست

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share