بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا چاویکەوت بە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.
ئەمڕۆ دووشەممە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا چاویکەوت بە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و لە کۆبوونەوەیەکدا، دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی یەکجارەکی کێشەکان، سەرخستنی کارنامەی حکومەت و بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییان گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی کارگێڕی و دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نزار ئامێدی، وەزیری ژینگەی عیراق ئامادەبوون لەبارەی مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد و چارەسەری سیاسییانەی کێشەکانەوە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند، “دەبێت دەستوور بنەمای چارەسەری کێشەکان بێت و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کوردیش هەر لەو چوارچێوەیەدایە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” شەراکەتی راستەقینە و دیدگای هاوبەش بۆ تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، هەنگاوەکان بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و خۆشگوزەرانتر خێراتر دەکات”.