داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد و ئەگەرەكانی شەڕ لەگەڵ ئێراندا

هەرچەندە پێشتر ئەمریكا هەڕەشەی جدی كرد بۆ داخستنی باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد لە ئەگەری بەردەوامبوونی بە ئامانجگرتنی لەلایەن “گروپەكانی سەر بە ئێران”، بەڵام جارێكی دیكە هێرش كرایەوە سەری و ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەكە هاتەوە بەرباس.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە تویتێكدا ڕایگەیاند، ئێران بەرپرس دەبێت لە ئەگەری كووشتنی هەر ئەمریكییەك لە عێراق، “بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكاش ڕێككەوتوون لەسەر چەندین بژاردە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران”.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، بە موشەك هێرش كرایە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد كە سەرچاوەی موشەكەكان ئێران بوون، وێنەی موشەكەكانیشی لەو تویتەیدا داناوە و ئاشكرایكردووە، “باس لەوە دەكرێت دەیانەوێت هێرشی زیاتر بكەنە سەر ئەمریكییەكان لە عێراق”.

لەلایەكی دیكەوە، هەندێك سەركردەی ئەمریكا وتویانە، هێرشە موشەكییەكان بۆ ناوچەی سەوزی بەغداد “دەستی ئەو میلیشیایانەی تێدایە كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی دەكرێن”.

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد

لای خۆشییەوە مایك پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئێرانی تۆمەتباركرد و بەرپرسیارییەتی ئەو هێرشانەی خستە ئەستۆی تاران.

ئەو لێدوانانە پاش ئەوە دێن، بەر لە چوار ڕۆژ لە 20ی كانونی یەكەم، هەشت موشەك ناوچەی سەوزیان كردە ئامانج، كە بە هەستیارترین و پارێزراوترن ناوچەی بەغدادی پایتەخت دادەنرێت.

هەروەها سوپای عێراق گروپە “یاخیبووەكان لە یاسا”ی تۆمەتباركرد بەو هێرشانە، بەرپرسانی ئەمریكاش لە باڵیۆزخانەكە ئاشكرایانكرد، وێڕای نەبوونی زیانی گیانی، بەڵام تەلارەكانی ئەو ناوچەیە زیانیان پێگەیشتووە.

ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەگەری هەیە بەغداد بەرەو هەولێر جێبهێڵێت

داخستنی باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغداد

لە ڕاپۆرتێكدا پێگەی “Axios” كە پێگەیەكی هەواڵیی ئەمریكییە ئاشكرایكردووە، ئەمریكا دەیەوێت باڵیۆزخانەكەی لە بەغداد دابخات، هۆكارەكەشی ئەو زنجیرە هێرشانەیە كە بە بەردەوام لەلایەن “میلیشیا چەكدارەكانی سەربە ئێران”ەوە دەكرێنە سەری لە ناوچەی سەوز.

ئەو پێگەیە لە دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە ئەوەی خستوەتەڕوو، هەنگاوی داخستنی ئەو باڵیۆزخانە یەكێك لەو بژاردانەی بۆ سزادانی ئێران تاووتوێكراون، كە ترەمپ و پۆمپەیۆ ئەو وڵاتە بە “پاڵپشتیكاری تیرۆر” ناو دەبەن.

ئاماژە بەوەشكراوە، “باڵیۆزخانەی ئەمریكا بە ڕۆڵی خۆی هەستاوە لە پاڵپشتیكردنی حكومەتی لاوازی عێراقی”.

ئەوەشی ئاشكراكردووە، ماتیۆ تولەر، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق ئەگەری هەیە بەغداد بەرەو هەولێر جێبهێڵێت، یان بچێتە بنكەی ئاسمانیی ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق.

لای خۆیەوە، كینێس مەكینزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا ئەگەرەكانی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێرانی وەك ئەگەرێكی لاواز داناوە، بەڵام هەڕەشەكردن لە بەرژوەندییەكانی ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵیادی كووشتنی قاسم سولەیمانیدا لەلایەن ئێرانەوە بە مەترسییەكی گەورە ناودەبات.

مەكینزی لە چاوپێكەوتنێكیدا بە تۆڕی “ABC”ی ئەمریكی ڕاگەیاندووە، هەواڵگریی ئەمریكا گەیشتووەتە هەندێك ئەگەر كە هێرشەكان لە ناوخۆی عێراق و لەلایەن ئێران و گروپەكانی سەربەو وڵاتەوە ئەنجامدراون.

ئەو فەرماندەیەی ئەمریكا جەختی لەوەشكردووەتەوە، “ئەمریكا هەڵكشان و شەڕی لەگەڵ ئێراندا ناوێت، ئێرانیش لەم كاتەدا جەنگی لەگەڵ ئەمریكادا ناوێت”.

“هەڵدانی موشەك بە ئاڕاستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد ئاڵۆزی دروست دەكات، ئەم جۆرە لە هێرش جێی نیگەرانییە، مەترسیشە بۆ سەر حكومەتی عێراق”، وەك مەكینزی باسیلێكردووە.

بژاردەكان چین؟

بەگوێرەی ئاژانسە جیهانییەكانی هەواڵ، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا لەسەر كۆمەڵێك بژاردە ڕێككەوتوون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئێران.

ڕۆیتەرز لە بەرپرسێكی باڵای ئەمریكاوە ئەوەی بڵاوكردووەتەوە، بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئەو بژاردانە بەم نزیكانە ڕادەستی ترەمپ دەكەن.

ئەو بەرپرسە ئەوەشی خستوەتەڕوو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئامادەی ئەو كۆبوونەوەیە بوونە كە لەبارەی ئێرانەوە كراوە.

لەلایەكی دیكەوە، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆكی ئێران ڕایگەیاند، فشارە ئابورییەكانی ئەمریكا لەسەر ئێران دەرئەنجامی هاوپەیمانیی نێوان هەندێك وڵاتی شوێنكەوتەی ئەمریكایە لە ناوچەكە و ئیسرائیل و لادەرەكانی نێو ئەمریكا.

ئەو فشارە ئابورییانەی ئەمریكاشی بە شكستخواردوو ناوبردووە.

سەرۆكی ئێران پێشتر ئەوەی ڕاگەیاندبوو، ئامادەی هەماهەنگین لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا.

بابەتی پێشتر

دەبێتە سێیەم.. جۆرێكی دیكەی كۆرۆنا لە بەریتانیا دۆزرایەوە

بابەتی دواتر

یۆنامی: ساڵی نوێ بۆ عێراق ئاسان نابێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share