ئومێد سەباح: هەفتەی داهاتوو لە بەغدادەوە بڕیار لەسەر ناردنی مووچەی مانگی 6 دەدرێت

د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی چوار رۆژە شاندی هەرێم لە بەغدادە و چەند كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامداوە و دەشڵێت، “دەبێت لە هەفتەی داهاتوو حكومەتی عێراق مووچەی مانگی شەش رەوانە بكات و دواكەوتنی مووچە لە ئەستۆی ئێمە نەماوە”.

راشیگەیاند، ئێمە لە 26ی 6ی 2023ەوە رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغداد دەكەین و وەزارەتی نەوتیش تەئكیدیكردووەتەوە كە هەرێم پابەندی جێبەجێكردنی یاسای بودجە بووە و لە هەفتەی داهاتووەوە ئامادەین بەپێی یاسای بودجە داهاتە نانەوتییەكانیش رادەستی بەغداد بكەین و هیچ بیانوویەك بۆ حكومەتی عێراق نامێنێتەوە كە بودجە و مووچەی هەرێمی كوردستان نەنێرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئامادەین كە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەرێم بكەن و وردبینی بكەن بۆ بڕیاردان لەسەر پاكتاوە داراییەكان دەبێت بەشە بودجە و شایستەی داراییەكانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.

ئومێد سەباح راشیگەیاند، “مووچە دواكەوتووە و لە ئەستۆی ئێمەدا نییە و لە ئەستۆی حكومەتی عێراقە و دەبێت لە رۆژی یەكشەممەی داهاتووەوە بڕیاری پێویست لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بدرێت”.

وتیشی، ” ئێمە نووسراومان لە وەزارەتی دارایی هەرێم و سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە كردووە و داوای مووچەی مانگی شەش تەواوی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانمان بۆ مانگی حەوت كردووە”.

ئاشكراشیكرد، تیمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیانەوێت هەرێم و بەغداد رێكبكەون و ئەوەش دڵخۆشكەرە و دەبێت هەفتەی داهاتوو پشكی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە رەوانە بكرێت”.

بابەتی پێشتر

بەهای دۆلار دابەزی

بابەتی دواتر

لە دوای تەمەنی 50 ساڵی لەم خواردنانە دووربکەوەرەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share