وەزارەتی دادی هەرێم رایگەیاند، پەیوەست بە چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە وەفدێک سەردانی بەغداد دەکات.
وەزارەتی دادی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەمە 15ی کانوونی دووەمی 2025، کرمانج عوسمان، راوێژکاری باڵای وەزارەتی داد بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، وەکو نوێنەری هەمیشەیی وەزارەتی داد بەشدارییکرد لە کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بۆردی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ( یەکلاکردنەوەی چارەنووسی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە) .
دەشڵێت، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا، وەفدێکی بۆردەکە سەردانی بەغدادی پایتەختی عێراقی فیدراڵ بکات، و بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بکات کە وەفدێکی حکومەتی ئێران و رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتیش تیایدا بەشداردەبن.
باس لەوەش دەکات، کۆکردنەوەی زانیاری و چۆنیەتی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئەو منداڵانەی لەکاتی تاوانی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە، لە دایک و باوک و خێزانەکانیان دابڕاون و بێسەروشوین بوون لە کۆبوونەوەکەی دوێنێدا گفتوگۆکرا.
بەپێی راگەیەندراوەکە، چۆنیەتیی یەکلاکردنەوەی ئەو داواکاریانەی کە پێشکەشکراون و ئامادەکاری بۆ سەردانەکە تەوەری دیکەی کۆبونەوەی بۆردەکە بووە .
بۆردەکە لەلایەن وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت و هەریەکە لە وەزارەتەکانی (داد، ناوخۆ، تەندروستی، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم) ئەندامن، وەک ئەوەی وەزارەتی داد بڵاویکردووەتەوە.