وتەبێژی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، “حكومەت ناتوانێت تەنها بە داھاتی ناوخۆ مووچە دابەشبكات و ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی ھەرێم بۆ شایستەداراییەكان سەردانی بەغدادی كردووە و لە چەند رۆژی داھاتوودا ھەواڵی خۆش دەبیستن.
پێشەوا ھەورامانی وتەبێژی حكومەتی ھەرێم لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھۆكاری دواكەوتنی مووچە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، حكومەتی ھەرێم پشتی بە 83 ٪ داھاتی نەوت دەبەست بۆ دابەشكردنی مووچە و لە ئێستا ئەو رێژەیە لە داھاتی نەوت نەماوە و حكومەت ناتوانێت بە داھاتی ناوخۆ مووچە دابەشبكات.
ئاشكراشیكرد، ئەمڕۆ شاندێكی حكومەتی ھەرێم سەردانی بەغدادی كردووە، كە تەنها بۆ مووچە نییە، بەڵكو بۆ شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستانە و مافی ھەرێمە مانگانە حكومەتی عێراق مووچە و شایستە داراییەكانی لەكاتی خۆیدا بۆ بنێرێت و لە چەند رۆژی داھاتووشدا ھەواڵی خۆش دەبیستن.