ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە یاداشتێكدا داوادەكەن قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی ئەمدواییەی سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری بە شەهید ئەژماربكرێن و بریندارانیش لەسەر ئەركی حكومەت چارەسەربكرێن.
ئەنوەر تاهیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، بە واژووی 14 ئەندام داوامان لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگا كردووە بەزووترین كات لەسەر بنەمای ناوەرۆكی یاداشتەكە هەم كۆبوونەوە و هەم بڕیار و ڕاسپاردە گەڵاڵە بكات و بینێرێت بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان بە شەهید ئەژماربكرێن و بریندارەكان ڕەوانەی نەخۆشخانە بكرێن و حكومەت تێچووەكەی لەئەستۆبگرێت.
وتیشی، “ئەوانەی لە خۆپیشاندانەكاندا بونەتە قوربانی یان برینداربوون باوەڕمان وایە لەپێناو مافە، لەپێناو نەبوونی خزمەتگوزارییە و لەپێناو ژیانێكی شایستەیە بۆ هاوڵاتییان هەربۆیە پێویستە قەرەبوو بكرێنەوە”.
ئەنجومەنی پارێزگاكان دەسەڵاتی بڕیاردانیان لەسەر ئەو پرسانە نییە، بەڵام دەتوانن پێشنیار و ڕاسپاردە ئامادەبكەن و ڕەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی بكەن، وەك ئەوەی ئەندامەكەی ئەنجومەن ئاماژەی پێدا.
دەربارەی ئەوەی ئایا ئەگەر هەیە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بڕیاری پێدەربكرێت، ئەنوەر تاهیر وتی، “حكومەت ئازایەتی ناكات كە ئەوانە بكات بە بڕیار و فەرمانی پێدەربكات، چونكە ئەوان بۆ مافی خەڵك ئەو دۆخەیان بەسەردا هاتووە و بڕیارێكی لەو جۆرەش لە قازانجی خەڵكی هەرێمە”.
لەسەر ئاستی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش هەوڵێكی لەو جۆرە لەلایەن ژمارەیەك پەرلەمانتاری كوردەوە لە ئارادایە، سەبارەت بەو پرسە ئەندامەكەی ئەنجومەن وتی، “ئاگادارن كە ئەو پەرلەمانتارانەش لەڕێگای خۆیانەوە فشارێكیان دروستكردووە، بەڵام ئەم شەهامەتە بۆ حكومەتی هەرێم بێت باشترە لەجیاتی ئەوەی عێراق فەرزی بكات”.
دەقی یاداشتەكە: