کۆمەڵێک پرۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە گەرمیان جێبەجێدەکرێت

لە کۆبوونەوەی بۆردی وەبەرهێنانی گەرمیان  و نووسینگەی قوباد تاڵەبانی بڕیاردرا لەسەر جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان.

دوای ئەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی گەرمیان کۆبووەوە، بۆ جێبەجێکردنی راسپاردەکانی قوباد تاڵەبانی لەسەر یەکلاکردنەوە و راییکردنی کاروبارەکانی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان بۆردی وەبەرهێنانی ئیدارەی گەرمیان و نووسینگەی قوباد قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا ئەولەوییەت بدرێت بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پیشەسازی لە سنووری گەرمیان و ئاسانکاری تەواو بۆ وەبەرهێنەران بکرێت و لەماوەیەکی نزیکدا کاروبار و مامەڵەکانی پڕۆژەکان تەواو بکرێن، سەبارەت بە قەزای کفریش بڕیاردرا گرنگی بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بەخشینەکانی وەبەرهێنەرەکانی پڕۆژەکانی کفری هەر بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی قەزاکە خەرج بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەخشینەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنانی کەلار تەرخانبکرێت بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی کەلار لەوانە بودجەی پێویست بۆ پێداویستییە خێراکانی رێگەی کەلار – دەربەندیخان هەروەها بودجەی پێویست بۆ پڕۆژەیەکی نوێی وێستگەی پاکژکردنەوەی ئاو و پڕۆژەیەکی نوێی کارەبا دابین بکرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بۆ پڕۆژەی نیشتەجێبوونی کرێنشینانی کەلار و کفری و بۆ پڕۆژەکانی گروپی جیهان کە خۆی دەبینێتەوە لە پڕۆژەی دروستکردنی زانکۆ و کۆمەڵگەی پەروەردەیی و سەنتەرەکانی توێژینەوە و رۆشنبیری زەوی پێویستیان بۆ دابینبکرێت.

ئەم کۆبوونەوەیە دوای کۆبوونەوەکەی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئیدارەی گەرمیان دێت کە تیایدا بڕیاردرا پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک پڕۆژەی وەبەرهێنان و خزمەتگوزاری لە سنوری ئیدارەی گەرمیان، لەوانە دروستکردنی سایدی دووەمی شەقامی پشتێنەیی کەلار و رێکارەکانی کۆڕنیشی سەر رووباری سیروان تەواو بکرێن تا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت.

بابەتی پێشتر

قائیمقامیەتی سلێمانی سێ شوێنی داخست

بابەتی دواتر

لە سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share