کاروان گەزنەیی ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رەخنە لە لێدوانەکەی سالار عوسمان ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گرت و رایگەیاند، ” هەر لێکنزیکبوونەوەیەکی هێزە کوردستانییەکان، بە لێدوانی راسپێردراوێک دەخرێتە گۆڕەوە”.
کاروان گەزنەیی نووسیویەتی، “هەر لێکنزیکبوونەوەیەکی هێزە کوردستانییەکان، بە لێدوانی راسپێردراوێک دەخرێتە گۆڕەوە، بێشک، چەندان جار نییەتی راستەقینە هەبووە بۆ رێککەوتن لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەمان، بە ئاڕاستە و نییەتی خزمەتکردنی راستەقینە، بەڵام هەموو جارێک ئەم هەوڵانە لەباربراون”.
ئاماژەی بەوەکردووە، “بێشک، هەندێک کەس و لایەن دژ بە رێککەوتن و سازانی نیشتمانین و مەبەستیانە کوردستان دوولەت بکەن، ئامانجیانە خزمەت و پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە بژێوی هاوڵاتییان بەلاڕێدابەرن و هەژموونی میراتی ئەمارەتی خۆیان زیاتر و ویستی خۆسەپێنییان چەسپاوتر بکەن، کە ئەمانە مەحاڵن و روونادەن”.
کاروان گەزنەیی دەڵێت، “ئەمانەی مەبەستیان پێچەوانەی سازانی نیشتمانی و یەکبوونی نیشتمانی کوردستانە، مسۆگەرە، کە بەرژەوەندییان لە درێژەدانە بە حوکمی دۆلار زیادکردن و پارە سپیکردنەوە و گەندەڵی و رۆتین و حزبۆکراتییەت و خۆسەپێنی و دیکتاتۆرییەت قاچاخچیێتی و لێبڕینی مووچە و دزینی قووتی هاوڵاتییان”.
لە کۆتاییدا نووسیویەتی، “بۆیە، بە دەنگێکی دلێر و بەرزەوە دەڵێین، بەڵێ، یەکێتی خوێنی شەهیدانە، یەکێتی قوربانیدانە، یەکێتی مێژووە، یەکێتی هێزە، لە پێناو پاراستنی کوردستان و خزمەتکردنی خاک و خەڵکەکەی تێدەکۆشین و پڕئیرادەین بەرامبەر هەموو ئاڵنگارییەکان”.