پەرلەمانتارێك رایدەگەیەنێت، بەپێی پێنوێنییە جیهانییەكان نرخەكانی نەوتی خاو تا كۆتایی ئەمساڵ روو لە بەرزبوونەوە دەكەن و ئەوەش كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابوریی عێراق دەبێت.
زەینەب موسەوی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غازی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی خاو كاریگەریی ئەرێنی لەسەر ئابوریی عێراق دەبێت، چونكە دەبێتەهۆی زیادبوونی داهاتە نەوتییەكانی و توانای تێپەڕاندنی كاریگەریی دارایی نەرێنی پێدەدات كە بەهۆی راوەستانی نەوت لە كێڵگەكانی كوردستان و كەركوك دروستبووە و دەگاتە 470 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
ئەوەشی وت، “پاش بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و پڕكردنەوەی كورتهێنان پێی، جەختدەكەینەوە لەسەر پێویستی بەكارهێنان و وەبەرهێنانی بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و پاڵپشتیی راستەقینەی كەرتی تایبەت”.
لەكاتێكی پێشتردا نرخی خامی بەسڕە (قورس و مامناوەند) هاوشانی نەوتی جیهانی بەرزبووەوە.
خاوی قورسی بەسڕە 60 سەنت و بە رێژەی گۆڕانكاریی كە دەگاتە 84% بەرزبووەوە و گەیشتە 72.31 دۆلار، هەروەك خاوی بەسڕەی مامناوەندیش 60 سەنت بەرزبووەوە بە رێژەی گۆڕانكاری كە دەگاتە 80% و گەیشتە 75.46 دۆلار.