وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی وردەكاریی بردنی پارەی مامەڵەكارانی بازاڕەكەیان ئاشكرادەكات و دەڵێت، بڕەكەشی نزیكەی 10 ملیۆن دۆلار دەبێت نەك 100 ملیۆن.
جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، گرفتەكە سێ مانگێكە سەریهەڵداوە، بەڵام بڕی پارەكە ئەوەندە نییە كە باسدەكرێت، بەڵكو نزیكەی 10 ملیۆن دۆلارێك دەبێت.
وتیشی، “كاتی خۆی پارە لە خەڵك وەرگیراوە بەناوی پشكداربوون لە پرۆژەی كامێرای پۆینت تو پۆینت”.
لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆدا عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان رایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە چەندین کەس ئاگادارم دەکەنەوە کە کەسێک نزیکەی (100 ملیۆن دۆلاری) بازاڕەکەی بردوە و ئێستا دەڵێن: نایگەڕێنێتەوە و دەڵێت: “پارەم بەدەستەوە نیە!”.
بە وتەی وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكە تەنها مامەڵەكارانی بازاڕەكەی ئەوان تێنەكەوتوون، بەڵكو خەڵك و كەسانی دیكەی دەرەوەش پارەیان داوە.
ئەوەشی خستەڕوو. “ئەو كەسەی بەو كارە هەڵستاوە، خاوەن پشك و خاوەنی كۆمپانیاكە نەبووە و كارەكەی ساختە بووە”.
دەربارەی هۆكاری چەندبارەبوونەوەی ئەو جۆرە رووداوانەش جەبار گۆران روونیكردەوە، بەشێكی بۆ ناهۆشیاری بازرگانەكان دەگەڕێتەوە، چونكە بۆ بەشداریكردن لە سیستمی هاوپشكی، پێویستە زانیاریت لەسەر بنەڕەتی كۆمپانیاكە، پاشخان و كارەكانی هەبێت و وتی، ئەوەی كراوە “هەڵەیە و هەڵەیەكی زۆر زۆر گەورەیە”.