قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد دەڵێت، “توانیمان بگەین بە ڕێككەوتن لەسەر پرۆژەیاسای ساڵی 2021 و بەردەوامیش دەبین لە گفتوگۆكان بۆ ڕێككەوتنی زیاتر.”
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران و سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ئەمڕۆ سێشەممە 22ی كانونی یەكەم وتی، “دوو هەفتە بەسەر سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغداد تێپدەپەڕێت و لەمیانەیدا توانیمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند بگەینە ڕێككەوتن دەربارەی پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021.”
قوباد تاڵەبانی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لە بەغداد، ڕێككەوتنەكەی بە “سەركەوتن” ناوبرد و هیوایخواست لە پەرلەمان-یش پرۆژەكە تێپەڕێندرێت. ئەوەشی خستەڕوو كە پرۆژەكە توانیویەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە بپارێزێت.
سەرۆكی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم بۆ بەغداد ڕوونیشیكردەوە، گفتوگۆكانیان لە بەغداد بەردەوامن بۆ یەكلاكردنەوە و دیاریكردنی پشكی هەرێم لەو بودجەیەی بەپێی یاسای قەرزكردن تەرخانكراوە، كە تائێستا بەغداد هیچ بڕێكی بۆ هەرێم دیارینەكردووە، ئاماژەی بەوەشكرد كە هەرێمی كوردستان لەمساڵدا “تەنها شەش جار پارەی لە بەغداد-وە بۆ نێردراوە.”
قوباد تاڵەبانی ڕوونكردنەوەی زیاتری لەو بارەیەوە خستەڕوو و وتی، “گفتوگۆمان کردووە لەسەر یاسای پڕكردنەوەی کورتهێنانی بودجە، کە بەبێ دەنگی لایەنە کوردستانییەکان تێپەڕێندرا، بەڵام سەرباری تێبینییەکان بڕیاماندا دەبێت جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کۆبووینەوە و وردەکارییەکانمان باس کردووە، نەهاتین قسە لەسەر یاساکە بکەین بەڵكو هاتین قسە لەسەر جێبەجێکردنی بکەین”.
وتیشی، “یاسای پڕكردنەوەی کورتهێنانی بودجە دوو مەرجی لەسەر هەرێمی کوردستان داناوە كە ڕادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی-ن، بۆ هەردووکی هاتین بۆ جێبەجێکردنی، لە بەرامبەردا هەرێمی کوردستان لە 26 ترلیۆن دینارەکە بەشی هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیاری نەکراوە و چاوەڕێی وەڵامین کە پێمان بڵێن لە بەرامبەر پابەندیی ئێمە چیمان پێدەدرێت، هیوادارین پێش کۆتایی ساڵ پێمان بڵێن بەشەکەتان چەندە”.
سەبارەت بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق، قوباد تاڵەبانی وتی، “ڕێژەی بودجەی هەرێم دیاریكراوە دوای دەركردنی خەرجییەكان و بودجەی حاكیمە و سیادی كە كەمترە لەوەی پێشبینیمان دەكرد و بە مافی خۆمانی دەزانین، بڕەكەشی 12.67%ە كە پێشتریش لە یاساكانی بودجەی ساڵانی ڕابردوودا هەبوو.”
جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێم بە پێویستی زانی پەیامی هەرێمی كوردستان و شاندەكەی بگاتە شەقامی عێراقی و وتی، “زۆر گرنگە كە پەیامی ئێمە تەنها لە چوارچێوەی سیاسی نەبێت، بەڵكو پەیامەكەمان بگەیەنینە شەقامی عێراقی كە ڕەنگە هاوڵاتییان تێڕوانینی دیكەیان هەبێت و بە هەڵە لە پرسەكانی تایبەت بە هەرێم تێگەیەندرابن، بۆچوونێكی هەڵە هەیە كە ناردنی بودجە و پارە بۆ هەرێمی كوردستان، بووەتەهۆی فەرامۆشكردن و دواكەوتنی ناوچەكانی تری عێراق، بەڵام ئەوە ڕاست نییە و بەڵگەش بۆ ئەوە، ئەوەیە كە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی هیچ پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان نەنێردرا، چی بۆ شار و ناوچەكانی تری عێراق كرا؟ بۆیە ئەوەی كە دەوترێت موزایەدەیە و ئامانج لێی جووڵاندنی سۆزی خەڵكە.”
دوپاتیشیكردەوە كە گفتوگۆكانیان لە بەغداد بەردەوام دەبێت ئەوەشی وت، “پرسی هەرێمی كوردستان تەنها موچە و بودجە نییە، بەڵكو چەندین دۆسیەی دیكە هەن كە بۆ كوردستان گرنگن و دەبێت گفتوگۆیان لەسەر بكەین.”
سەرۆكی شاندی دانوستانكاری كوردستان لە بەغداد، گفتوگۆكانی بە سەخت و هەوڵەكانی گەیشتن بە ڕێككەوتنی بە دژوار ناوزەد كرد بەوپێیەی هەڵبژاردنەكان نزیكن و بەشێك لە سەركردە و لایەنە سیاسییەكان “لەبەردەم كامێرادا بە جۆرێكی تر قسە دەكەن”، سەرباری ئەوەش گەشبینیی خۆی بۆ ڕێككەوتن و سەركەوتن لە دانوستاندنەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و بەدیهێنانی ئامانج و دەستكەوت بۆ هەرێمی كوردستان نیشاندا و وتی، “شانازییە بۆ من كە نوێنەرایەتیی دۆزێكی گرنگ دەكەم لە بەغداد و گەشبینم بەوەی لە 2021 سەرکەوتن بەدەستبهێنین و كێشەی بودجە و بژێویی خەڵك چارەسەر بكەین.”