وەزیری تەندروستی: هەشت حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە هەرێم تۆماركراوە

وەزیری تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، تائێستا هەشت حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆماركراوە و دەشڵێت، رێككارەكان توندوتۆڵ كراوە.

سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، چەند چارەسەرێك بۆ پەتای تای خوێنبەربوون بەردەستە، لە هەمووی گرنگتر ئەنتی ڤایرۆسەكە و بەردەستە، بەو نەخۆشانە دراوە كە لە چاودێریی چڕ داخڵكراون.

ئەوەشی وت، بۆ دابینكردنی دەرمان لەگەڵ بەغداد لەسەر هێڵن، بڕیارە هەندێكی لەوێوە بێت، ئەوەش پێویست بێت، وەك حكومەتی هەرێم دەیكڕن.

سەبارەت بە ئامارەكانی پەیوەست بە پەتاكەش سامان بەرزنجی وتی، “19 حاڵەتی گومانلێكراو هەبوون، هەشت حاڵەتیان پشتڕاستكراوەتەوە، لەنێویاندا چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان هەبووە”.

دەربارەی هەوڵەكانیش بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییەكە، وەزیری تەندروستیی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، نەخۆشییەكە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، هەوڵەكانیان زیاتر كۆنتڕۆڵكردنە لەناو كێڵگەكان و ئەو شوێنانەی ئاژەڵی ماڵییان تیایە، هەروەها ئەو شوێنانەی دەرهاویشتەی ئاژەڵەكانی تیابەكاردێت، بە كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شوێنانە مرۆڤ تووش نابێت.

دووپاتیشیكردەوە، لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ لە ئاستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لیژنەی هاوبەشیان هەیە، چاودێری بازاڕ دەكەن و رێكارەكان توندوتۆڵتر كراوە. بەشێكی گرنگیش دەكەوێتەسەر پابەندبوونی هاوڵاتی بەو راسپاردانەی لە وەزارەتەكانی كشتوكاڵ و تەندروستی دەرچوون.

بابەتی پێشتر

ژنێكی ئەڵمانی بە تۆمەتی بەكۆیلەكردنی كچێكی ئێزدی سزادەدرێت

بابەتی دواتر

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ بکوژی دوو مامۆستاکەی زانكۆ لە هەولێر دەرچوو

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share