بڕیارە ئەمڕۆ بە وەزارەتی تەندروستی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار لە هەرێمی كوردستان دەستپێبكات، هێشتا مووچەی وەزارەتەكانی دیكە دیارنییە.
هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە 18ی حوزەیران دابەشكردنی مووچە دەستپێدەكات و وەزارەتی تەندروستی وەك یەكەم وەزارەت مووچەی مانگی ئایاری رابردوو وەردەگرێت.
وەزارەتەكە كە پێشتر بە خشتەیەك رۆژانی دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەت، سەرۆكایەتی و فەرمانگەكانی بڵاودەكردەوە، بۆ ئەم مانگە هیچ زانیارییەكی دیكەی لەبارەی دابەشكردنی مووچەی وەزارەتەكانی دیكە بڵاونەكردووەتەوە.
هەفتەی رابردوو حكومەتی ناوەند بڕیاری ناردنی 400 ملیار دیناری بۆ هەرێمی كوردستان دەركرد و لە كۆتایی هەفتەدا پارەكە خرایەسەر ئەژماری هەرێم، بەڵام بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگێكی فەرمانبەران، وەزارەتی دارایی پێویستی بە زیاتر لە 920 ملیار دینارە و ئەگەر بە پارەی ماوەی مانگەكانی پێشوو و داهاتی ناوخۆ پڕنەكرێتەوە، كورتهێنان روودەدات.