دوای پەسەندكردنی بودجە مانگانە چەند بۆ هەرێم دێت؟

بەغداد بە فەرمی لەبارەی ڕاگرتن، یان ناردنیەوە هیچی بە هەرێمی كوردستان نەوتووە

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئەو بڕە پارەیە ئاشكرادەكات كە مانگانە دوای پەسەندكردنی بودجە رەوانەی هەرێم دەكرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی جێبەجێ بكات.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بە گوێرەی بڕگەی دووەم لە ماددەی 12ی یاسای بودجە کە دوێنێ ئەو ماددەیە پەسەندکرا، تەرخانکراوی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و پێشمەرگەی هەرێم لە بودجەی عێراق بۆ تەواوی ساڵی 2023 دەکاتە (10 ترلیۆن و 867 ملیار دینار) و، مانگانە دەکاتە بڕی 906 ملیار دینار.

دەشڵێت، “ئەمە لە حاڵەتێکدا ئەگەر تەواوی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە رەوانە بکرێت و، هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات”.

ئامانج رەحیم لە چەند خاڵێكدا بە وردی بڕی پارەكەی روونكردووەتەوە، و بەم شێوەیەیە:

1- بڕی 9 ترلیۆن و 300 ملیار لە چوارچێوەی (النفقات الجارية) بۆ مووچەی 681 هەزار و 979 فەرمانبەری هەرێم تەرخانکراوە کە مانگانە دەکاتە 775 ملیار دینار.

2- بەپێی ماددەی (10/ دووەم) و مادەی (11/ دووەم-ه)، بڕی یەك ترلیۆن و 346 ملیار دینار وەک خەرجیی مووچەی خانەنشینی بۆ هەرێم تەرخانکراوە کە لە مانگێکدا دەکاتە بڕی 112 ملیار دینار کە ئەمەیان بەراورد بە ساڵی 2021 کەمیکردووە بە بڕی 555 ملیار دینار.

3- بڕی 228 ملیار و 304 ملیۆن دینار وەک بەشی هەرێمی کوردستان بۆ یەک ساڵ لە تەرخانکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخانکراوە لە چێوەی خەرجیی سیادی، کە مانگانە دەکاتە 19 ملیار دینار، کە ئەم بڕگەیە لە رووی یاساییشەوە دانپێدانانە بەوەی کە پێشمەرگە دامەزراوەیەکی بەرگرییە.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران روونیشیكردەوە، تەمویلی مووچەی مانگی چوار لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێم 912 ملیار دینار بووە، بۆیە ئەگەر مانگانە شایستەی دارایی مووچەخۆران، خانەنشینان و پێشمەرگە 100% لەلایەن بەغداوە خەرج بکرێت، لە سەرتاسەری هەرێم مانگانە عجزێکی زۆر کەم بە بڕی حەوت ملیار دینار دروست دەبێت کە پڕکردنەوەی بە داهاتی ناوخۆ ئاسانە.

دەشڵێت، لە بڕگەی نۆیەم لە ماددەی یەك لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵیی ژمارە شەشی ساڵی 2019، هەروەها ماددەی 66ی یاسای بودجەدا هاتووە کە یاسای بودجەکە لە 2023/1/1وە جێبەجێدەکرێت، نەک لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی یاساکە لە وەقایعی عێراقی، واتە یاسای بودجە (أثر رجعي) هەیە.

“بەمشێوەیە، هەرێم تەنها بۆ مووچە مانگانە شایەنی پێدانی 905 ملیار دینارە لە 2023/1/1ەوە” وەك ئەوەی ئامانج رەحیم ئاماژەی پێداوە و دەشڵێت، بەڵام ئەوەش دوای داشکاندنی ئەمانەی خوارەوە:

– داهاتی بەدەستهاتووی نەوت لە 2023/1/1وە تا رۆژی 2023/3/25 کە رۆژی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمە.
– نیوەی داهاتی دەروازە سنوورییەکانی هەرێم لە 2023/1/1وە.
– ئەو 800 ملیار دینارەی بەشێوازی قەرز تائێستا لەلایەن بانکەکانی (تی بی ئای، رەشید و رافیدەین) بۆ هەرێم خەرجکراوە.
– قیستەکانی بانکی تی بی ئای لە 2023/1/1وە.

بابەتی پێشتر

عێراق شەشەم وڵاتی جیهانە لە گەشەی بەرهەمی ناوخۆدا

بابەتی دواتر

عەلی عەلاق: بەهای دۆلار بە شێوەیەكی بەرچاو دادەبەزێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share