هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند کە هەوڵیاندابوو خوێندکاران فریوبدەن و پرسیارەکانی قۆناغی 12 یان پێبفرۆشن.
دەزگای ئاسایشی هەرێم بڵاویکردەوە، “پاش دەستکەوتنی زانیاری لەسەر فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن و تێکدانی دەروونی خوێندکاران و فریودانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە کە پرسیاری پۆلی دوانزەی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵی 2023دەفرۆشن، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە، هێزەکانی دەزگای ئاسایش بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی راپەڕین و ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی لە ماوەیەکی کورتدا زانیاری پێویست بەدەستهات بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتباران و دەستگیرکردنیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “تیمەکان توانیان گروپێکی سێ کەس دەستگیربکەن، کە کاریان فرۆشتنی ئامێرەکانی قۆپیکردن بووە و دەستیشگیرا بەسەر چەند ئامێر و کەرەستەی قۆپیکردن”.
ئامێری پەیوەندیکردنی ( بێسیم ) بە شێوەی شاراوە کە لە جلوبەرگی ژێرەوەی پیاوان و ژنان دانرابوون، بیستۆک، قەڵەم جافی قۆپیکردن، ئامێری پشکنین ئەو کەرەستانە بوون کە توانراوە دەستیان بەسەردابگیرێت ئەمەش بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەرێم.
ئاشکراشیکرد، “تۆمەتباران پێکهاتوون لە (ش،ع ، ڕ)،(ە ، م ، ح)،(ش،ف ،ک) تەمەنیان لە نێوان 20-25 ساڵاندایە، دانیشتووی هەرێمی کوردستانن، تۆمەتباران ئامێرەکانیان لە ناوەڕاست وباشووری عێراق هێناوە و هەوڵیانداوە لە رێگەی ( ئۆنلاین )ەوە ساغیانبکەنەوە”.