وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەرێم بەردی بناغەی پڕۆژەی چاككردنەوە و بەیەكەوە بەستنی رێگای ناحیەی سێگردكان-دێگەڵەی دانا و دەشڵێت، “ئەوەی لە توانای وەزارەتماندا بێت درێغی ناكەین بۆ تەواوكردنی رێگا دووسایدییەكان”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لەژێر سەرپەرشتیی دانا عەبدولكەریم بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە راوێژكار و بەڕێوەبەرە گشتییەكانی وەزارەت و بەرپرسانی حكومیی بەردی بناغەی پڕۆژەی چاككردنەوە و بەیەكەوە بەستنی رێگای ناحیەی سێگردكان-دێگەڵە دانرا.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە كارئاسانی بۆ هاتوچۆی هاوڵاتییان و كارئاسانی بۆ گواستنەوەی بەرهەمی جوتیاران دەستەبەردەبێت، هیوادارین پڕۆژەكە بەشێوەیەكی باش و لەكاتی دیاریكراودا تەواو بكرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “رێگاوبان كەرتێكی گرنگی هەر كۆمەڵگەیەكە و دەبێتە هۆی پێكەوەبەستنی هەموو پێداویستییەكانی كۆمەڵگاكان و هەموو ئەو سێكتەرانەی ژیانی رۆژانەی خەڵكی پێوە بەندە، خۆشبەختانەش لەم كابیەنەیەدا سەرەڕای قەیرانە داراییەكان گرنگی باش بە رێگاوبان دراوە”.