چرۆ حەمە شەریف پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە میدیای فەرمیی یەكێتی راگەیاند، “لەبەر ئەوەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ پڕۆژەكانمان نەبات بۆ خۆی بە نهێنی پڕۆژەیاسا پێشكەشدەكەن، كاتێكیش پرۆژەكانمان دەگاتە ئەنجام بە نموونە بابەتی جێگیركردنی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە لە پڕۆژەیاسای بودجەدا دەبینین لە سۆشیاڵ میدیاوە هەڵمەتێك دەستپێدەكەن بە پڕۆژەی خۆیان بە خەڵكی دەناسێنن”.
وتیشی، “نەك تەنها فراكسیۆنی یەكێتی، سەرجەم فراكسیۆنەكانی عێراق بە فراكسیۆنە عەرەبەكانیشەوە لە نەوەی نوێ تێگەیشتوون كە تەنها كاریان بردنی پڕۆژەی فراكسیۆنەكانی ترە و هەڵای لەسەر دروستدەكەن، لەكاتێكدا خۆیان خاوەنی هیچ پڕۆژەیەك نین، نەوەی نوێ لە لیژنەی دارایی هیچ ئەندامێكی نییە، بەڵام كاتێك فراكسیۆنی یەكێتی لە رێگای ئەندامەكەیەوە كە د. نەرمین مەعروفە هەوڵی جێگیركردنی گەڕاندنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەرانیدا بینیمان نەوەی نوێ هەوڵیدا ئەو ڕاستییە بشێووێنێت و بیكات بە پڕۆژەی خۆی”.
ئاشكراشیكرد، “نەوەی نوێ وەك خۆیان دەڵێن كار لەسەر ئەوە دەكات درۆ بكە، درۆ بكە، تا خەڵك بڕوات پێ دەكات، ئەگەر هەموو خەڵكیش بڕوات پێنەكات خۆ نیوەی بڕوات پێدەكات، بێگومان ئەمە ئاڕاستەی خزمەتی نەوەی نوێیە و خەڵكی هەرێمی كوردستان و تەنانەت لەناو پەرلەمانی عێراقیش فراكسیۆنەكان ئەو راستییە دەزانن”.