بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە ئەو 385 هەزار سەرپێچییەی هاتوچۆ بڵاوکردەوە کە لە رۆژێکدا لە سلێمانی تۆمارکراوە، دەڵێت، “داتەکە هەڵەیە”.
لە روونکردنەوەکەدا هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە، “تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی لە رۆژێکدا لە هاتوچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیە و داتاکە بەهەڵە وەرگیراوە”.
دەشڵێت، لەوبارەیەوە روونکردنەوەی پێویست بڵاودەکرێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە دوێنێ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند کە لەسەر رێگای نێوان سلێمانی – دوکان لە چەند کاتژمێرێکدا لە کامێراکانی پۆینت تو پۆینتەوە 385 هەزار سەرپێچییان تۆمارکردووە.