لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستبەسەر بڕێكی زۆر لیمۆ و سێودا دەگرن و لەناوی دەبەن.
بەپێی راگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ هەینی، راپۆرتی لیژنەی باڵای قائیمقامیەت ئاشكرایكردووە، لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی و بەهۆی كەڕووكردنیەوە، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت دەستیان بەسەر سێ تۆن لیمۆی خراپبوودا گرتووە كە خاوەنەكەی بەنیازبووە دوای جیاكردنەوەی بە هاوڵاتییانی بفرۆشێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، راپۆرتی لیژنەهاوبەشەكان ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لیژنەكان لە عەلوەی سلێمانی دەستیان بەسەر زیاتر لە (100) كیلۆگرام سێودا گرتووە كە بەهۆی خراپبوونییەوە شیاوی خواردنەماوە، بەڵام خاوەنەكەی بەنیازی ساغكردنەوەی بووە.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بە بڕیاری قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە تەواوی لیمۆ و سێوەكە لەناوچەی دەرەوەی نیشتەجێبوون لەناودەبرێن و خاوەنەكانیشیان رووبەڕووی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە.