ئەمریكا كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بە “جوڵەیەكی نایاب” ناودەبات

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوەكەی سەرۆك و جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بە “جوڵەیەكی نایاب” ناودەبات.

ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی كرد و كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا.

باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تویتێكی قوباد تاڵەبانی لەبارەی كۆبوونەوەكەوە دووبارە بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، “جوڵەیەكی نایاب”.

لە تویتەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران نووسیویەتی، “ئێمە پێکەوە یەکگرتووین، لەو باوەڕەدام کە دەتوانین بەسەر تەحەددیاتەکانماندا زاڵ بین، کاربکەین بۆ باشتر خزمەتکردنی هاوڵاتیانمان و، بەهێز بمێنینەوە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە زۆرانەی کە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبێتەوە”.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا تاوتوێی کێشە و گرفتە دارایی و ئیدارییەکانی بەردەم حکومەتی هەرێم کرا و هەردوولا کۆک بوون لە سەر چارەسەريی گشت کێشەکان بە رێگەی گفتوگۆ و هاوکاری نێوان گشت کوتلە وزارییەکانی ناو کابینە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، تيشك خرایە سەر دوا دۆخی سیاسیی هەرێم و ناوچەکە و جەخت لە سەر پاراستنی تەبایی و یەکڕیزیی ناوخۆیی کرایەوە، لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانی و مافە دەستوورییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان.

بابەتی پێشتر

كونسوڵی گشتیی بەریتانیا: هیوادارم حكومەت كار بۆ هەموو هەرێم بكات

بابەتی دواتر

بۆ یەکەمجار لە جیهاندا پزیشکان نەشتەرگەری بۆ مێشکی کۆرپەلەیەک دەکەن لە سکی دایکیدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share