پەیامنێری “ئێستا” پرسیاری لە وەزیری تەندروستی كرد كە بۆچی تا ئێستا گرفتی كەمیی دەرمان لە سلێمانی چارەسەرنەكراوە، لە وەڵامدا وەزیر بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتەكە دەدات.
لە كۆنگرەی رۆژنامەنووسیی د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیدا كە لە سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی بۆی رێكخرابوو، پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا، پرسیاری هۆكاری چارەسەرنەكردنی قەیرانی دەرمانی لە سنووری سلێمانی ئاراستەی وەزیری تەندروستی كرد.
پەیامنێری ئێستا وتی، “ساڵی رابردوو بەڵێنتان دا گرفتی كەمیی دەرمان لە سنووری سلێمانی چارەسەربكەن، كەچی تا ئێستا گرفتەكە چارەسەرنەكراوە، بە تایبەت لە نەخۆشخانەی هیوای تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە، هۆكار چییە؟”.
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ئەمجارەش بە بەڵێنی چارەسەركردنی گرفتی كەمیی دەرمان لە سنووری سلێمانی وەڵامی دایەوە و رایگەیاند، هەوڵدەدەن گرفتەكە چارەسەربكەن.
وتیشی، تاڕادەیەك گرفتەكە چارەسەركراوە و بەشێكی گرفتەكە پەیوەندیی بە تەرخانكردنی پارە و لایەنی كارگێڕی و یاساییەوە هەبوو، بڕیاردراوە چارەسەربكرێت.