روونکردنەوەیەک لە دەزگای ئاسایشەوە سەبارەت بە راگیراوان ئارام حەسەن و شەرمین عەلی

دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان، روونکردنەوەیەکی لە بۆ رای گشتی سەبارەت بە راگیراوان ئارام حەسەن و شەرمین عەلی بڵاویكردەوە و دەڵێت، “دۆسیەی ناوبراوان هیچ پەیوەندییەکی بە کاری رۆژنامەوانی و رێکخراوەیی و ئازادیی رادەربڕینەوە نییە”.

لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، “دۆسیەی ئارام حەسەن و شەرمین عەلی هیچ پەیوەندییەکی بە کاری رۆژنامەوانی و رێکخراوەیی و ئازادیی رادەربڕینەوە نییە، وەک هەندێک کەس و لایەن و بەناو چالاکوان باسیدەکەن و ئامانجیان چەواشەکردنی رای گشتییە”.

جەختیشدەكاتەوە كە “هەردوو ناوبراوان بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە بە ماددەی (341)ی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون، چونکە فەرمانبەری حکومەتن و هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان روونە”.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە كە لە ماوەی رابردوودا، هەردوو راگیراو و پەڕاویان خراونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و دادوەر بینیونی و وتەیانی وەرگرتووە و هەموو رێکارێکی یاساییان بۆ گیراوەتەبەر، “دەزگای ئاسایش تەنها لایەنی جێبەجێکاری یاسایە”.

“بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەک، لە رێکەوتی 2/5/2023 رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی راگیراوان، سەردانی گرتووخانەی ئاسایشیان کردووە و چاویان بە سەرجەم راگیراوان کەوتووە و لە نێویشیاندا هەردوو ناوبراوانیان بینیوە، لە چەند رۆژی رابردووشدا کەسە نزیکەکانیان سەردانیان کردوون و چاوپێکەوتنیان هەبووە”، راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێم وا دەڵێت.

راشیگەیاندووە، “وەک دەزگای ئاسایشی هەرێم، هەمیشە دەرگامان کراوەیە بۆ هەر کەس و لایەنێکی یاسایی و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسان، کە بیانەوێت بەدواداچوون بکەن و لە بارودۆخیان دڵنیاببنەوە”.

بابەتی پێشتر

ئەردۆغان دۆزینەوەی كێڵگەیەكی نەوتی لە باكووری كوردستان راگەیاند

بابەتی دواتر

شاندێکی ئێران سەبارەت بە خوێندکارانی عێراق لەو وڵاتە سەردانی بەغداد دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share