بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار.. ئەو بۆمبەی بە گیرفانی هاوڵاتییاندا تەقێندرایەوە

حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی ئەو كورتهێنانەی لە بودجەی وڵاتەكەی هەیەتی پڕیبكاتەوە، پەنای بردە بەر بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی، ئەوەش بە “نەهامەتی” بۆ هاوڵاتییان دادەنرێت.

چاوەڕوان دەكرێت بەو هەنگاوە، جارێكی دیكە ناڕەزایەتییەكان ڕوو لە شەقامەكانی عێراق بكەن و “بەشێك لە پەرلەمانتارانیش دژی دابەزاندنی بەهای دینار وەستاونەتەوە”.

سەبارەت بەو هەنگاوەی حكومەتی عێراق، خالید حەیدەر، مامۆستای زانكۆ و ئابوریناس بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “باری سەرشانی هاوڵاتییان زۆر قورس دەبێت چونكە داهاتی هاوڵاتییان نەگۆڕ و جێگیرە، دەبێت پارەیەكی زیاتر بدەن بۆ كڕینی شتومەك كە زۆرینەی بابەتەكانیش هاوردە دەكرێن و بە دۆلار دەكڕدرێن”.

شتومەك گران دەبێت و ئاستی داهاتی ڕاستەقینەی هاوڵاتییان دادەبەزێت

ئەو ئابوریناسە ئەوەشی خستەڕوو، “بۆ ئەوەی ڕوونتر بێت، پیشتر هەزار و 250 دینارت بە بابەتێكی یەك دۆلاری دابێت، ئێستا دەبێت هەزار و 500 دینار بدەیت بۆ دەستخستنی هەمان بابەت”

بەو هەنگاوەی حكومەتی عێراقی، “شتومەك گران دەبێت و ئاستی داهاتی ڕاستەقینەی هاوڵاتییان دادەبەزێت، ئەو هەڵاوسانەی نرخ كە لە هەرێم و عێراق هەن زیاتر دەبێت”.

خالید حەیدەر نەیشاردەوە، “بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بۆ حكومەت بڕیارێكی باشە چونكە نەوت بە دۆلار دەفرۆشێت، دەیگۆڕێتەوە بە پارەی عێراق بۆ موچەخۆران، هەروەها ئەوەی لە پرۆژەیاسای بودجەدا هاتووە، دەرماڵەكانی فەرمانبەرانیش كەم دەكاتەوە، واتا خەرجی كەم دەكاتەوە و داهات زیاد دەكات، بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەی هەیەتی پڕی بكاتەوە”.

پێشبینی دەكرێت بڕیارەكەی حكومەت شەقام توڕە بكات

“لە پەرلەمان دەنگی ناڕەزایی بەرزبووەتەوە و شەقامیش ناڕازییە، پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا خەڵكی بێنە سەر شەقام و لە پەرلەمانیش ڕەنگە نەهێڵن ئەو پرۆژەیە بەو جۆرە تێپەڕێندرێت”، وەك ئەو ئابوریناسە كوردە وتی.

ئاماژەی بەوەشكرد، “نرخی دۆلار لەو ئاستە ناوەستێت و دەگاتە زیاتر لە 150 هەزار دینار بۆ هەر 100 دۆلارێك”.

پەرلەمان دەتوانێت ڕێگری لە بانكی ناوەندی بكات بۆ ئەو مەبەستە؟

لەسەر هەمان پرس عەلی تەمیمی، یاساناسی عێراقی بە میدیاكانی عێراقی وتووە، “بەرزكردنەوەی نرخی یەك دۆلاری ئەمریكی بۆ هەزار 450 دیناری عێراقی پێچەوانەی مادەكانی 30 و 31ی دەستووری عێراقە تایبەت بە دابینكردنی ژیانێكی ئازاد و سەربەرزانە و داهاتێكی گونجاو بۆ هاوڵاتییان لەلایەن دەوڵەتەوە”.

ئەو یاساناسە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئەو هەنگاوە پێچەوانەی مادەكانی 23 و 26ی پەیماننامەی نێودەوڵەتییە تایبەت بە مافی شارستانی”.

 تەمیمی ئاماژەی بەوشكردووە، “بەگوێرەی یاسای ژمارە 56ی ساڵی 2004 بانكی ناوەندی دەستەیەكی سەربەخۆیە، لە مادەی 3ی هەمان یاسادا و لە ڕێنماییەكانی بانكی ناوەندی بۆ ساڵی 2017، بەهای دۆلار دیاریكراوە، بانكی ناوەندی نرخی دۆلار دیاریدەكات ئەگەر بەرزبوونەوە لە نرخەكەیدا ڕویدا، دەبێت كۆنتڕۆڵی نرخی بازاڕ بكات و ڕێگری بكات لە هەڵاوسان كە ڕێژەی هەژاری زیاد دەكات”.

“دەتوانرێت تانە لەو یاسایە بدرێت كە خودی پەرلەمان دەریكردووە، پەرلەمان دەتوانێت داوای هەمواركردنەوەی یاسای بانكی ناوەندیی عێراق بكات چونكە بەپێی دەستوور نوێنەری گەلە”، وەك عەلی تەمیمی ئاماژەی پێكردووە.

سەبارەت بە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریكی، بانكی ناوەندیی عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 19ی كانونی یەكەم لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، “بەهای یەك دۆلاری ئەمریكی بە 1460 دینار دەفرۆشرێت بە بانكەكانی عێراق”.
بانكە عێراقییەكە ئەوەشی خستوەتەڕوو، “بەهای دۆلارێك بۆ هاوڵاتییانی عێراق بە 1470 دینار بۆ هەر دۆلارێك دەخرێتە بازاڕەوە”.

بەهای ئێستای دۆلار

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەشێك لە بۆرسە و بازاڕی دراوی پارێزگاكانی عێراقەوە دەستی تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتوون، بەهای 100 دۆلار لە بەغدادی پایتەختی عێراق لە سەرووی 142 هەزار دۆلارەوەیە.

لە پارێزگاكانی سەڵاحەیدن، دیوانیە، زیقار، كەربەلا و نەجەفیش بەهای فرۆشتنی 100 دۆلار گەیشتووەتە سەرووی 141 هەزار دینار.

هەروەها لە هەولێر و سلێمانی نرخی 100 دۆلار گەیشتووەتە سەرووی 141 هەزار دینار.

بابەتی پێشتر

هەدەپە داوادەكات پەرلەمانتارێكی پارتی دەسەڵاتدار داوای لێبوردن بكات

بابەتی دواتر

ساوزامپتن 0-1 مانچستەر سیتی

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بەیانی ئەمڕۆ نرخی نەوت بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گە گەیشتە رێژەی %4 ی نرخەکەی. ئەمڕۆ دووشەممە نرخی…
زیاتر ببینە

نرخی نەوت بەرزبووەوە

نرخی نەوتی خاو زیاتر بەرزبووەوە و هەر بەرمیلێكی گەیشتە نزیكەی 120 دۆلار. ئەمڕۆ چوارشەممە لە بازاڕی وزەی جیهاندا،…
Total
0
Share