پارتی پێشنیازەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ كورسیی كۆتاكان رەتكردەوە

پارتی پێشنیازەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ دابەشكردنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستاندا رەتكردەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون پارتی پێشنیازەكەی نەتەوە یەكگرتووەكانی بۆ دابەشكردنی كورسیی كۆتای پێكهاتەكان رەتكردووەتەوە و سوورە لەسەر ئەوەی بە هەمان میكانیزم و یاسا و تۆماری دەنگدەرانی پێشوو هەڵبژاردن ئەنجامبدرێتەوە.

لە زانیارییەكاندا هاتووە، پارتی نایەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە هەرێمی كوردستان كار بكرێت بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەكان و رازیش نییە كار بە تۆماری ئەلیكترۆنی دەنگدەران بكرێت كە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران پەیڕەوكراوە و دەیەوێت بە هەمان یاسا و تۆماری كۆنی هەڵبژاردن پڕۆسەكە بەرێوەبچێت، ئەوەش ناڕەزایی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی لێدەكەوێتەوە.

هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە یاسا كۆنەكە و تۆماری دەنگدەرانی پێشوو لای یەكێتی و لایەنە سیاسییەكانی دیكە قبووڵكراو نییە، چونكە دەبێتە هۆیەك بۆ دووبارە بەرێوەچوونی پڕۆسەكە بە خەوشی زۆر و تەزویرات و هەمان واقیعی سیاسی ناپەسەند لە هەرێمی كوردستان دووبارە دەكاتەوە.

بابەتی پێشتر

لە ژێر فشاردا هۆشیار زێباری تویتێكی سڕییەوە

بابەتی دواتر

لەتیف نێروەیی: پارتی بە قسە و لەبەرچاوی خەڵك لەگەڵ هەڵبژاردندان بە كردەوە نایەنە پێشەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share