یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان رەخنە لە شێوازی دەستگیرکردنی عەلی سیاسی لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەگرێت، داواش دەکات دۆسیەکەی لە دۆسیەی کەسی تۆمەتبار بە کوشتنی کاوە بازیانی جیابکرێتەوە و بە دەستەبەر ئازادبکرێت.
لە راگەیەندراوێکدا یەکێتیی نووسەرانی جینۆسایدی کوردستان کە ئاراستەی رای گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کردووە دەڵێت، ” دوای ئەوەی بەیانیی رۆژی 25/4/2023 عەلی مەحمود محەمەد ناسراو بە عەلی سیاسی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای یەکێتییەکەمان لەھەولێر لەلایەن ئاسایشەوە گیرا، دۆسیەکەی ئاراستەی پۆلیس کراوە بۆ لێکۆڵینەوە، لەم پرسەدا روو لە دادوەری لێکۆڵینەوە و دەسەڵاتی دادگا دەکەین، ناوبراو ئازاد بکات بەکەفالەت، چونکە پەڕاوی ناوبراو جیایە لەگەڵ کەسەکەی تر و پەڕاوی جیابکرێتەوە”.
هاوکات یەکێتییەکە رایگەیاندووە کە سەرەڕای داوای ئازادکردنی “رەخنە لە شێوازی دەستگیرکردنی دەگرین، رەخنەمان ھەیە لە وێنەگرتنی و پیشاندانی لە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن”.
جەختدەکاتەوە لە گرتبەری رێکارەکان لەلایەن دەزگا حکومییەکانەوە دەشڵێت، “پێویستە رێکارەکان بە ھاوسەنگی و بە تەواوەتی لە چوارچێوەی یاسادا بێت”.