پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژندا لەلایەن هێزەكانیانەوە هەشت كەس بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیركراون.
عەقید عەلی جەمال قدوری، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، سێ لە تۆمەتباران چوار تاوانی دزیکردنیان بە یەکەوە ئەنجامداوە، تاوانەكانیان لە کێڵگەی پەلەوەر و سێ باخی هاوڵاتییان لە گوندەكانی گردەگۆزینە و سالح ئاغا بووە.
وتیشی، چوار كەسیشیان بە تۆمەتی دزینی ماتۆڕسکیل لە گەڕەکەکانی قەزای کەلار دەستگیرکراون و، دەستیش بەسەر سێ ماتۆڕسکیلی دزراودا گیراوە.
یەكێكی دیكەیان بە تۆمەتی دزیکردن لە مارکێتێک دەستگیرکراوە، وەك ئەوەی عەلی جەمال ئاماژەی پێدا.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم تۆمەتباران تەنها لە ماوەی مانگی رەمەزاندا تاوانی دزیکردنیان ئەنجامداوە و لە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکانیان ناوە و لەئێستادا راگیراون.