لەبارەی ئاوی لەدەبەنراوەوە قائیمقامیەتی سلێمانی ئاگادارییەک بڵاودەکاتەوە

قائیمقامیەتی سلێمانی، کارگە و کۆگاکانی ئاوی لەدەبەنراو ئاگاداردەکاتەوە و سەرۆکی لیژنەکانیش دەڵێت، “دەست بەسەر ئەم بارهەڵگرانەدا دەگرین”.

لە راگەیەندراوی قائیمقامیەتی سلێمانیدا كە كەمێك لەمەوبەر بڵاویكردەوە هاتووە، “بەپێی رێنمایی و ستانداردە جیهانییەکان، پێویستە ئاوی لەدەبەنراو و هەموو خواردن و خواردنەوەکی لەدەفرنراو، لە خوار پلەی گەرمیی (25) و دوور لە تیشکی خۆر ئەمباربكرێت یان بگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی گەرمی و تیشکی خۆر نەبێتەهۆی تێکدان و تيکچوونی پێکهاتەکانیان کە زیان بە تەندروستیی مرۆڤ دەگەیەنێت”.

کەیوان خەلیل سەرۆکی لیژنەی کارگە و کۆگاکانی ئاوی لەدەبەنراو دەڵێت، بە مەبەستی پابەندکردنی شوێنەکان بە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن، رۆژانە لیژنەکە سەردانی سەرجەم کارگە و کۆگاکانی ئاوی لەدەبەنراو دەکات، پشکنینە کیمیایی و فیزیاییەکان ئەنجامدەدات و لە کاتی بوونی کەموکورتی بە پسووڵەیەک شوێنەکە و خاوەنەکەی ئاگاداردەکاتەوە.

وتیشی، “بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و زیاتر دەرکەوتنی تیشکی خۆر، ئاگاداری سەرجەم کارگەکانی ئاو کراوە کە لە کاتی گواستنەوەی ئاوی لەدەبەنراو، پێویستە بە شێوەی داپۆشراو بگوازرێتەوە، هەروەها کۆگا و مارکێتەکان شوێنێکی تایبەت دابینبکەن بۆ ئاو کە دوور لە تیشکی خۆر و لە خوار پلەی (25)ـەوە بێت، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە”.

لەبارەی هەمان پرسەوە، رێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی تەندروستیی گشتی و هاوکاریکردنی لیژنەکان بۆ دەستگرتن بەسەر ئەو بارهەڵگرانەی بە شێوەی دانەپۆشراو ئاوی لەدەبەنراو یان خواردن و خواردنەوەی لەقتونراو دەگوازنەوە، نووسراوی فەرمی  ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی دەکەن و جەختیكردەوە، “هەر کارگەیەک، کۆگایەک، مارکێت و دوکانێک ئاوی لەدەبەنراو لەبەر تیشکی خۆر و لەسەروو (25) پلەی گەرمی بگوازێتەوە یان ئەمباربکات، ئەوا دەداخرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکاتەوە”.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید ناچارە بڕیار لە ڕاست و چەپ بدات

بابەتی دواتر

دیواری بەرگریی ئارسیناڵ بەرامبەر سیتی یاری ناکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share