لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل بۆردومانی خوێناوی چەکدارەکانی نزیک لە سوپای پاسدارانی لە ناوچەی ئەبوکەمال کردووە لە سنوری نێوان عێراق و سوریا، ڕەنگە ئەمە هۆکارێک بێت بۆ چۆڵکردنی شوێنەکە لەلایەن ئێرانەوە و جێگرتنەوەی لەلایەن ڕوسیاوە.
ڕوسیا خۆی ڕاستەوخۆ ناچێتە ناو ئەبوکەمالەوە و بەڵکو چەکدارە سورییەکان دەنێرێت، لە ژێر ناوی “سوپای پێنجەم” کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕوسییەکانەوە مەشق و ڕاهێنان و فەرماینیان پێدەکرێت.
ناوچەی ئەبوکەمال کە خاڵێکی سنوری ستراتیژیشی هەیە لە نێوان سوریا و عێراقدا، بە یەکێک لە شوێنە ستراتیژییەکان بۆ ئێران دادەنرا، چونکە ڕاستەوخۆ لەو سنورەوە دەیتوانی هاوکارییەکانی لە عێراقەوە بگەیەنێتە سوریا و لەوێشەوە بۆ لوبنان بۆ پشتگیری لە حزبوڵای لوبنان.
“سوپای پێنجەم” کە چەکدارانی سورین و لەلایەن ڕوسیاوە پشتگیری دەکرێن، شوێنی تیپی “زەینەبیون” دەگرنەوە، کە لە شیعەکانی وڵاتی پاکستان و ئەفغانستان پێکهاتوون و پێشتر قاسم سولەیمان ئەو فیرقەیەی بۆ کردبوونەوە.
ئیسرائیل چەندینجار بنکەی چەکدارەکانی لە ئەبوکەمال بۆردوومانکردووە و لە کۆتا هێرشیشدا هەفتەی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا 19 چەکداری فیرقەی زەینەبیون کوژران کە پاکستان و ئەفغانین و لەلایەن سوپای پاسدرانەوە هاوکاری دەکرێن.
بە وتەی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕوسیا چەیندجار داوای ئەو ناوچەیەی لە ئێران کردووە، بەڵام ئێران ڕازی نەبووە، دەکرێت ئێستا لەژێر فشارەکاندا بەتایبەت بۆردومانەکان بەمە ڕازی بوبێت.
ئەبوکەمال شارێکی بچوکی 40 هەزار کەسییە لە پارێزگای دێرەزور لە سوریا، بەهۆی نزیکی لە خاکی عێراقەوە بە شوێنێکی ستراتیژی ناودەبرێت، لە ئاڵۆزییەکانی سوریادا چەندینجار لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە کۆنترۆڵکراوە، لە ساڵی 2012 دا لە دەستی حکومەتی سوریا دەرهێنرا و سوپای ئازادی سوریای ئەوکات کۆنترۆڵیکرد، پاشان لەلایەن حکومەتی سوریاوە کۆنترۆڵکرایەوە، لە ساڵی 2014 دا لەلایەن داعشەوە کۆنترۆڵکرا و لەدوای لەناوچونی داعشیش لەلایەن چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانەوە کۆنترۆڵکراوە.