ئومێد بەرۆشكی كە یەكێكە لە چالاكوانانی بادینان و بەمدواییە ئازادكرا، ئەمڕۆ لەلایەن هێزێكی ئەمنیی دهۆكەوە دەستگیركرا.
بەپێی وتەی هاوڕێ و كەسە نزیكەكانی، سەرەڕای دەستگیركردنی ئەو چالاكوانە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكەوە دەستبەسەر كەلوپەلی رۆژنامەوانی و لاپتۆپەكەیدا گیراوە.
بەرۆشكی لە شوباتی ساڵی رابردوو ئازادكرا، دوای ئەوەی لە 15ی ئایاری ساڵی 2020، یەك رۆژ پێش گردبوونەوەی ژمارەیەک مامۆستای دهۆک لە پارکی ئازادی لە دژی دواکەوتنی مووچەکانیان، لەگەڵ بەدەل بەرواری-دا كە رێکخەرانی سەرەکیی گردبوونەوەکە بوون، لەلایەن پۆلیسی دهۆکەوە دەستگیرکران.
هەڵمەتەكە چەندین چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكەی گرتەوە و زۆرینەیان تۆمەتی “تێكدانی ئاسایش و ئاژاوەگێڕی”یان رووبەڕووكرایەوە.
تائێستا هۆكاری دەستگیركردنی ئەو چالاكوانە ئاشكرانەكراوە.
ئومێد بەرۆشكی دوای رووداوی رفاندن، لێدان و سەرتاشینی محەمەد یابە-ی پارێزەر لە هەولێر لە پۆستێكدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك نووسی، “ئەو نەخۆشیی سەرتاشینە، سەرجەم بەندكراوانی بادینان لە زیندان بینیویانە، بۆیە ئێمە بە باشی لە ئازاری پارێزەرەكەی هەولێر دەگەین”.