شارەزایەکی بواری گەردوونناسی رایگەیاند، لە رووی گەردوونییەوە مانگی رەمەزان 29 رۆژە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەو رۆژەدا مانگی نوێ لەگەڵ خۆردا هەڵدێت بە چاوی ئاسایی ناتوانرێت ببیندرێت.
لە چەند رۆژی رابردوودا پەیمانگای نەتەوەیی توێژینەوە گەردوونی و جیۆفیزیكییەكان لە میسر بڵاویکردەوە، بەپێی لێكدانەوە گەردوونییەكان كە ناوەندی توێژینەوەی سەر بە پەیمانگاكە ئەنجامیدەدات، مانگی شەوال راستەوخۆ لە تەواوی كاتژمێر 6:14 خولەكی بەیانی بە كاتی ناوخۆیی قاهیرە رۆژی پێنجشەممە 29ی رەمەزان كە دەكاتە (2023/4/20) دەبێت، بەو پێیەش رۆژی هەینی یەکەمین رۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزە.
د. ئەشرەف تادرس شارەزای بواری گەردوونناسی دەڵێت، “کۆتاییهاتنی مانگی رەمەزان هاوتایە لەگەڵ دیاردەیەکی گەردوونی کە خۆرگیرانە، کە خۆرگیرانی دوو رەگیشی پێدەوترێت و لە زۆرینەی ناوچەکانی جیهان هەستی پێدەکرێت”.
باسیلەوەشکرد، “لەو رۆژەدا مانگ لە زەوی نزیکدەبێتەوە و بەری خۆر دەگرێت، بەو هۆیەوە خۆر و مانگ بەیەکەوە هەڵدێن و بەیەکەوە ئاوادەبن و لە سەرەتای رۆژەوە تا خۆرئاوابوون ناتوانرێت بە چاوی ئاسایی مانگ ببیندرێت”.
ئاشکراشیکرد، “ئەم شەوە باشترین شەوە بۆ شارەزایانی بوارەکە، چونکە بە ئاسانی دەتوانن تەنەکانی دیکەی ئاسمان ببینن”.